رووداو دیجیتاڵ
دەیڤد پێترایەس، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەڕێوەبەری پێشووتری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)، تێڕوانینی خۆی بۆ رووداو لەسەر ئەحمەد شەرع، داهاتووی حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراق و هەڕەشەی داعش خستەڕوو. پێترایەس بە شێوەیەکی تایبەت سەرنجی خستە سەر رۆڵی ئەحمەد شەرع لە سووریای نوێدا و داوای لە کۆنگرێس کرد سزاکان لەسەر سووریا هەڵبگرێت.
دەیڤد پێترایەس سەبارەت بە وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمە ساتێکی سەیر بووە بۆی، چونکە "بەشێوەیەکی سادە بڵێین، ئاشکرایە ئێمە لە دوو بەرەی دژ بەیەک بووین."
پێترایەس دەڵێت "ئەحمەد شەرع دوای ئەوەی پێنج ساڵی لە زیندانی ئەمریکادا بەسەربرد بەهۆی ئەوەی سەرکردەی شانەیەکی قاعیدە لە عێراق بوو، ئێستا ئەو سەرۆکی سووریایەکی نوێیە، ئەو کەسەی کە ئەو هێزانەی دروستکرد کە رژێمی خوێنڕێژی بەشار ئەسەدیان رووخاند."
دەیڤی پێترایەس سەرسامە بە سەرۆکی نوێی سووریا و دەڵێت، "زۆر شارەزا بوو لە زۆر لایەنی ئابووریی سووریا. روون بوو لەوەی کە دەیەوێت بیکات، کە بریتییە لە پەرەپێدانی حکومەتێک کە نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی سووریا بکات، وڵاتێک کە زۆر لە هێڵە ناکۆکەکانی نەتەوەیی، تائیفی، عەشایەری و سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدا بەریەکدەکەون و بۆ دڵنیابوون نەک تەنیا لە حوکمی زۆرینە، بەڵکو لە مافی کەمینەکانیش."
بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هیوای زۆری بەوە هەیە کە ئەحمەد شەرع سەرکەوتوو بێت و لەوبارەیەوە گوتی، "سەرکەوتنی ئەو سەرکەوتنی ئێمەیە."
داهاتووی حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراق
سەبارەت بە داهاتووی حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراق، پێترایەس خۆی لە قسەکردن لەسەر حەشد بەدوور گرت و گوتی: "پێموایە کاتێک هەڵبژاردن کەمتر لە چەند هەفتەیەکی مابێت، کەسانی ژیر خۆیان لە قسەکردن لەسەر ئەو پرسە بەدووردەگرن."
شەرع ناناوەندی بە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەدات؟
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەوەی ئایا ئەحمەد شەرع ناناوەندی بە باکووری و رۆژهەڵاتی سووریا دەدات، پێترایەس گوتی: "ئەو [شەرع] گوتی، دەیەوێت دیدێکی زۆر گەورە بەدی بهێنێت، کە بریتییە لە دڵنیابوون لە یەکپارچەیی وڵاتەکە و دڵنیابوون لەوەی کە هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکە لە حکومەتدا نوێنەرایەتی دەکرێن، بە نزیکەیی بەگوێرەی دانیشتووانیان و دڵنیابوون لەوەی دیسانەوە، مافی کەمینەکان پارێزراو بێت، نەک تەنیا حوکمی زۆرینە هەبێت."
سەبارەت بە هەڕەشەی داعش، ژەنەراڵ پێترایەس روونی کردەوە: "هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراقدا ئاشکرایە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، بەڵام هێشتا تووندڕۆی تاکەکەسی هەن، بێگومان هێشتا تووندڕۆی چالاک هەن لە سووریادا و ئەوە زۆر جێگەی نیگەرانییە."
رۆڵی پێشمەرگە و یارمەتیی ئەمریکا
لەبارەی رۆڵی پێشمەرگە و بەردەوامبوونی یارمەتیی ئەمریکا، پێترایەس گوتی: "ناتوانم بەناوی سیاسەتی ئەمریکاوە قسە لەسەر پێشمەرگە بکەم. من زیاتر لە 20 ساڵە لەگەڵ پێشمەرگەدا کارم کردووە. لە مانگەکانی ئادار و نیسانی 2003وە دەستپێدەکات کاتێک پێشمەرگە رۆڵێکی بەرچاوی لە باکووری عێراقدا گێڕا لە رزگارکردنی وڵاتەکە لە رژێمی خوێنڕێژی سەدام حوسێن کاتێک سەربازەکانم بەرەو باکوور بۆ بەغدا دەجەنگان و پاشان هاتنە باکوور بۆ موسڵ."
پێترایەس ئاماژەی بەوەشدا: "لەو چوار ساڵەی کە وەکو ژەنەراڵێکی دوو ئەستێرە، سێ ئەستێرە و چوار ئەستێرە لە عێراق بەسەرم برد، زۆرجار هاوبەشیمان دەکرد، نەک تەنیا لەگەڵ پێشمەرگە، بەڵکو یارمەتیمان دان بۆ ئەوەی بیانکەین بە هێزێکی بەتواناتر و تاوەکو ئەوپەڕی توانامان بیانخەینە ناو هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە."
لەبارەی دیدگای ئەحمەد شەرع بۆ سووریایەکی لیبراڵ و دیموکرات، پێترایەس گوتی: "دەمانەوێت سووریا بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە. نامانەوێت پارچەپارچە بێت بۆ پارچەی نەتەوەیی و تائیفی."
پێترایەس داوایەکی ئاراستەی کۆنگرێسی ئەمریکا سزاکانی دیکەی لەسەر هەڵبگرێت کە بە گوتەی ئەو رێگرن لە وەبەرهێنان لە بواری دارایی، بیناسازی و وزە، کە بۆ ئاوەدانکردنەوە زۆر گرنگن."
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی دەیڤد پێترایەس
رووداو: تێروانینت لەسەر گفتوگۆی نێوان هەسەدە و ئەحمەد شەرع لە سووریا چییە؟
دەیڤد پێترایەس: ئەوە بۆ من ساتێکی سەیر بوو، چونکە ئەگەر بەشێوەیەکی سادە بڵێین، ئاشکرایە ئێمە لە دوو بەرەی دژ بەیەک بووین. ساڵانێک دواتر، [ئەحمەد شەرع] دوای ئەوەی پێنج ساڵی لە زیندانی ئەمریکادا بەسەربرد بەهۆی ئەوەی سەرکردەی شانەیەکی قاعیدە لە عێراق بوو، ئێستا ئەو سەرۆکی سووریایەکی نوێیە، ئەو کەسەی کە ئەو هێزانەی دروستکرد کە رژێمی خوێنڕێژی بەشار ئەسەدیان رووخاند. پێویستە بڵێم کە من زۆر سەرسام بووم پێی. زۆر شارەزا بوو لە زۆر لایەنی ئابووریی سووریا. روون بوو لەوەی کە دەیەوێت بیکات، کە بریتییە لە پەرەپێدانی حکومەتێک کە نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی سووریا بکات، وڵاتێک کە زۆر لە هێڵە ناکۆکەکانی نەتەوەیی، تائیفی، عەشایەری و سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدا بەریەکدەکەون، بۆ دڵنیابوون نەک تەنیا لە حوکمی زۆرینە، بەڵکو لە مافی کەمینەکانیش. پەرەپێدانی ئەمە زۆر سەخت دەبێت. من کەمێک ئەزموونم لەگەڵ ئەوەدا هەیە لە وڵاتی دوو رووبارەکەدا، بەڵام هیوای زۆرم بەوە هەیە کە سەرکەوتوو بێت لە بەدەستهێنانی ئەوەی کە دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، چونکە سەرکەوتنی ئەو سەرکەوتنی ئێمەیە.
رووداو: چی دەڵێیت دەربارەی داهاتووی حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراق؟
دەیڤد پێترایەس: راستییەکەی خۆم لەوە بەدوور دەگرم. پێموایە کاتێک هەڵبژاردن کەمتر لە چەند هەفتەیەکی مابێت، کەسانی ژیر خۆیان لە قسەکردن لەسەر ئەو پرسە بەدووردەگرن.
رووداو: ئایا پێتوایە ئەحمەد شەرع ناناوەندی بە باکووری و رۆژهەڵاتی سووریا بدات؟
دەیڤد پێترایەس: دیسانەوە، ئەو گوتی کە دەیەوێت دیدێکی زۆر گەورە بەدی بهێنێت، کە بریتییە لە دڵنیابوون لە یەکپارچەیی وڵاتەکە و دڵنیابوون لەوەی کە هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکە لە حکومەتدا نوێنەرایەتی دەکرێن، بە نزیکەیی بەگوێرەی دانیشتووانیان و دڵنیابوون لەوەی، دیسانەوە، مافی کەمینەکان پارێزراو بێت، نەک تەنیا حوکمی زۆرینە هەبێت.
رووداو: بە هەڵسەنگاندنی تۆ، رێکخراوی داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق؟
دەیڤد پێترایەس: هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراقدا ئاشکرایە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، بەڵام هێشتا تووندڕۆی تاکەکەسی هەن، بێگومان هێشتا تووندڕۆی چالاک هەن لە سووریادا و ئەوە زۆر جێگەی نیگەرانییە، ئێوە دەزانن کە بە ئاشکرا بڵاوکراوەتەوە کە هاوپەیمانان هێشتا بەدوای هەندێک تووندڕۆی ئیسلامیدا دەگەڕێن لە سووریا و ماوە ماوە هەندێک لەم سەرکردانە دەهێننە بەردەم دادگا.
رووداو: پێتوایە رۆڵی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریا چییە و یارمەتیی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت؟
دەیڤد پێترایەس: ناتوانم بەناوی سیاسەتی ئەمریکاوە قسە لەسەر پێشمەرگە بکەم. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە من زیاتر لە 20 ساڵە لەگەڵ پێشمەرگەدا کارم کردووە. لە مانگەکانی ئادار و نیسانی 2003وە دەستپێدەکات کاتێک پێشمەرگە رۆڵێکی بەرچاوی لە باکووری عێراقدا گێڕا لە رزگارکردنی وڵاتەکە لە رژێمی خوێنڕێژی سەدام حوسێن کاتێک سەربازەکانم بەرەو باکوور بۆ بەغدا دەجەنگان و پاشان هاتنە باکوور بۆ موسڵ. لەو چوار ساڵەی کە وەکو ژەنەراڵێکی دوو ئەستێرە، سێ ئەستێرە و چوار ئەستێرە لە عێراق بەسەرم برد، زۆرجار هاوبەشیمان دەکرد، نەک تەنیا لەگەڵ پێشمەرگە، بەڵکو یارمەتیمان دان بۆ ئەوەی بیانکەین بە هێزێکی بەتواناتر و تاوەکو ئەوپەڕی توانامان بیانخەینە ناو هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە.
رووداو: دوایین پرسیار. لە پانێڵێکی تایبەتدا لە واشنتن، لە گفتوگۆکەت لەگەڵ ئەحمەد شەرع، هیچ ئامادەییەکت لەو کەسایەتییەدا بینی بۆ سووریایەکی لیبراڵ و دیموکرات و پێتوایە وڵاتەکە بەشێوەیەکی میانڕەوانە بەڕێوەدەبات؟
دەیڤد پێترایەس: تەنیا دەتوانم بڵێم کە جارێکی دیکە هەموو قسە راستەکانی کرد. زۆر زیرەک بوو. کەسایەتییەکی گەورەی هەیە، کارێزمایە، لەسەرخۆ قسە دەکات و بیرمەندە و باش بیردەکاتەوە. بەڵام ئێستا دەبێت ببینین ئایا دیدگا دەکاتە واقیع. وەکو پێشتریش باسم کرد، زۆر هیوادارم کە لەو کارەدا سەرکەوتوو بێت، چونکە جارێکی دیکە، سەرکەوتنی ئەو سەرکەوتنی ئێمەیە. دەمانەوێت سووریا بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە. نامانەوێت پارچەپارچە بێت بۆ پارچەی نەتەوەیی و تائیفی. زۆر دڵخۆشین کە چیدیکە [سووریا] هاوپەیمانی رژێمی ئێران نییە و چیدیکە رێگە بە ئێران نادات سیستەمی چەک و تەقەمەنی و چەکەکانی دیکەی حیزبوڵڵا پڕ بکاتەوە لە رێگەی گواستنەوەیان بە خاکی سووریادا و هەبوونی بنکە لەناو سووریادا. ئەمە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەیە. ئەمەش بەهۆی ئەوەوە بوو کە حیزبوڵڵا زۆر لاواز بووە و بێگومان ئێرانیش نەیدەتوانی یارمەتی بدات و رووسەکانیش زیاتر لە پێویست سەرقاڵی ئۆکراینان. ئەمە گۆڕانکارییەکی ستراتیژیی گرنگە لە ناوچەکەدا. یەکێکە لەو شتانەی کە زۆربەمان بۆ دەیان ساڵ هیوامان بۆ دەخواست. ئێستاش هاتووەتە دی، دەبێت هەرچی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ پشتیوانیکردنی ئەحمەد شەرع و حکومەتە تازەکەی سووریا. من داوام کردووە کە کۆنگرێسی ئەمریکا سزاکانی دیکەی لەسەر هەڵبگرێت کە رێگرن لە وەبەرهێنان لە بواری دارایی، بیناسازی و وزە، کە بۆ ئاوەدانکردنەوە زۆر گرنگن. هەروەها دەتوانم بڵێم کە ژمارەیەکی بێشومار بازرگانی سووری-ئەمریکی و وەبەرهێنەر لە ئەمریکا هەن، کە زۆرێکیان پێش چاوپێکەوتنەکەی من لەگەڵ ئەحمەد شەرع چاویان پێی کەوتووە، کە پێشنیازیان کردووە و دەیانەوێت وەبەرهێنان بکەن لە سووریای نوێدا و یارمەتی بدەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی کە هەمیشە هیوامان بۆ دەخواست پێش رژێمی خوێنڕێژی ئەسەد.



