كەشوهەوای سیاسی كوردستان لە گەرمای ئەو مانگی تەمموزە زۆر گەرمترە، هەڵبژاردنەكان لەبەر دەرگان، هەموو لیستەكان خەون بە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی خەڵكی كوردستانەوە دەبینن بۆ ئەوەی زۆرترین كورسیەكانی پەرلەمان بەدەستبهێنن، دەڵێن شەڕی داهاتوو لە پەرلەمان دەبێت، لەوە دەچێ وازمان لە شەڕی چەكداری هێنابێت و خۆئامادە دەكەین بۆ شەڕی دیموكراسی بە دەبەی ئاو، رەنگە لە داهاتوودا پێویستمان بە هێلكەو تەماتەش بێت لە هۆڵی پەرلەمان.
دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن پێیانوایە كە سندوقەكانی هەڵبژاردن تاكە رووی دیموكراسیە لە هەرێمی كوردستاندا، بۆیە بیر لە پرۆسەی سیاسی ناكەنەوە ئەوەندەی بیر لە هەڵبژاردن دەكەنەوە. لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا هەڵبژاردنی خاوێن ئەنجام دەدرێت، بەڵام لەبەر بەشدارینەكردنی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەكاندا، یان نەبوونی متمانە لە نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵات پرۆسەی سیاسی شكستدێنێ،. زۆرجاریش هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری دروست ناكەن لە ژیانی زۆرینەدا، بۆیە هاووڵاتیان بایەخ بەم پرۆسەیە نادەن.
راستە هەڵبژاردنی پاك رووی سیستەمی دیموكراسی و سەركەوتنی پرۆسەی سیاسییە لە هەر وڵاتیكدا، بەڵام سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی لە بەشداریكردنی زۆرینەدا خۆی دەبینێتەوەو هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەكان بەیەكەوە كۆدەكاتەوە. بۆیە ناكرێ پرۆسەی دیموكراسی بە تەنها لە هەڵبژاردندا ببینینەوە، سەركەوتنی هەر سیستەمێكی سیاسی بەشداركردنی هەموو هێزو لایەنە سیاسی و گرووپە كۆمەڵایەتیەكانە لە نووسینەوەی دەستوور و دانانی یاسا. نەك تەنها بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكاندا.
پرۆسەی سیاسی سەركەوتوو بەرهەمی سیستەمی سیاسی سەركەوتووە، نەك تەنها هەڵبژاردنی سەركەوتوو، ئەو سیستەمەی توانای خۆنوێكردنەوەی هەبێت لەناو كۆمەڵگەدا. رژێمەكانی وەك موبارەك و سەدام حوسێن و قەزافیش هەڵبژاردنیان ئەنجامدەدا، بەڵام هیچ گۆڕانكاریەك لە پرۆسەی سیاسیدا رووی نەدەدا ، لەبەر ئەوەی هێزە نیشتمانی و شۆڕشگێڕەكان نەیاندەتوانی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی بكەن.
رۆڵی سیستەمی سیاسی لەهەر وڵاتێكدا، كاراكردنی رۆڵی هێزە نیشتمانی و نەتەوەییەكانە لە پرۆسەی سیاسیدا، دەسەڵاتی سیاسی لە كوردستان ناتوانێ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بگاتە هیچ رێككەوتنێك، تەنانەت لەسەر پرسە چارەنووسسازەكانیش، بۆیە پەیوەندی نێوانیان تەنها گفتوگۆ لەپێناو گفتوگۆدایە نەك گەیشتن بە دەرئەنجامێك لە پێناو بەرژەوەندی گشتی. سیستەمی سەركەوتوو دەبێ تا رادەیەك نەرمی بنوێنێ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ و ئارامی و دڵنیایی بۆ كۆمەڵگە دابین بكات و ئامادە بێت بۆ وەرگرتن و قبوڵكردنی هەر بیرۆكەیەكی تازە و گۆڕینیان بۆ واقیعی ژیان و كارپێكردنیان.
سیستەمی سیاسی هەر وڵاتێك كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە تەعبیر لە رۆحی هاونیشتمانیانی بكات، نەك بەتەنها لە بەرژەوەندی چەند لایەن و گرووپێك بێت، پرۆسەی سیاسی دەبێ گۆڕانكاری لەگەڵ خۆیدا بێنێت و هیوا بە هەمووان ببەخشێ، نەك نائومێدی ببەخشێتە زۆرینە و لە پێناوی كەمینەیەكدا كاربكات، ئایا دەسەڵاتی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان دەتوانن ئەو دڵنیاییە ببەخشنە هاووڵاتیانی كوردستان لە دوای هەڵبژاردنەكان و سیستەمێكی سیاسی تازە دابهێنن بە بەشداری هەموو لایەنەكان؟


