رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارێزگای زیقار رایگەیاند، لە رووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی نێودەوڵەتیی پارێزگاکە، 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان سووتاوە؛ دەشڵێت:" 20 کەسی دیکە رزگارکراون و بریندارن.
ئەحمەد سەلیم، گوتەبێژی پارێزگای زیقار، رۆژی سێشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2026، بە رووداوی راگەیاند، پارێزگاکەیان رووبەڕووی رووداوێکی دڵتەزێن بووەتەوە کە بەهۆی هەڵەی شۆفێری پاسێکەوە روویداوە؛ پاسەکە دوای پێکدادان لەگەڵ تانکەرێکی سووتەمەنی، ئاگری گرتووە.
ئەحمەد سەلیم گوتی، هێزەکانی پۆلیسی سووق ئەلشیوخ و تیمەکانی تەندروستی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە 20 هاووڵاتی لەناو ئاگرەکەدا رزگار بکەن، بەڵام دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکە، تەرمی 21 کەسیان دەرهێناوە کە بەهۆی سەختیی رووداوەکەوە تەرمەکانیان بە تەواوی سووتاوە.
لەبارەی رێکارەکانی حکومەتیشەوە، گوتەبێژی پارێزگای زیقار گوتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە شێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەندی کردووە و رێنمایی داوە بۆ خێراکردنی رێکارەکان؛ بڕیاریش دراوە تەرمەکان رەوانەی بەغدا بکرێن بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA بە مەبەستی ناسینەوەیان.
هەروەها باسی لەوە کرد، سەرۆکوەزیران وەزیری تەندروستی عێراقی راسپاردووە بە زووترین کات پشکنینەکان تەواو بکەن؛ هاوکات پارێزگاری زیقاری وەک نوێنەری خۆی دەستنیشان کردووە بۆ گەیاندنی سەرەخۆشی بە بنەماڵەی قوربانییان لە پارێزگای بەسرە.
ئێستا بریندارەکان لە نەخۆشخانەی تورکی حکومی لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و لێکۆڵینەوەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و هاتووچۆوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان بەردەوامن.
رۆژی دووشەممە، 9ـی حوزیرانی 2026، ئەو پاسانەی کە زیارەتکارانیان لە پارێزگای کەربەلاوە بۆ بەسرە دەگواستەوە، لە نزیک شاری ناسریە تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوون؛ ئەمەش دوای ئەوەی یەکێک لە پاسەکان لەگەڵ تانکەرێکی هەڵگری نەوت پێکدادانی کرد و بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی پاسەکە.


