رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی وەرگەڕان و گڕگرتنی ئۆتۆمبێلێک لە پارێزگای دیوانیەی عێراق، 5 ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و تەنیا یەک سەرنشین بە برینداری رزگاری بوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە رێگەیەکی پارێزگاکە روویدا. محەممەد غانمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئۆتۆمبێلێک کە 6 کەسی تێدابوو، بەهۆی تیژڕۆییەوە وەرگەڕا و دواتر گڕی گرت."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە ئاماژەی بەوەش کرد، لە رووداوەکەدا 5 کەس گیانیان لەدەستدا کە ئەندامی یەک خێزان بوون، تەنیا یەک کەسیش رزگاری بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی فێرکاریی دیوانیە چارەسەر وەردەگرێ.
محەممەد غانمی گوتی: "رێگەکە خراپە و نۆژەن دەکرێتەوە، بەڵام ماوەیەکە کارکردن تێیدا وەستاوە."


