رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا چەند بڕیارێکی لە بوارەکانی دارایی، یاسایی و هاتووچۆدا دا، لەوانە هەموارکردنی یاسای رێگریکردن لە قۆڕخکاری و واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسپانیا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی حوزەیرانی 2026 عەلی فالح زەیدی، سەرۆکایەتیی 5ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە بەردەوامبوون لە کارکردن بە سپاردنی ئەو داهاتانەی لە هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە دەستدەکەون، لەو هەژمارە بانکییەی وەزارەتی دارایی کە بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کراوە.
سەبارەت بە پرسی هاتووچۆ، ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بڕیاری ژمارە 24213ـی ساڵی 2024 کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی قەرەباڵخی جێبەجێ بکەن.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەروەها داوای هاوئاهەنگیی زیاتری لەنێوان وەزارەتەکانی ناوخۆ، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، گواستنەوە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا کرد، بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕگانەی لە نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ لە 2ـی ئایاری 2024 ئاماژەیان پێکراوە.
حکومەت هەروەها دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای "کێبڕکێ و رێگریکردن لە قۆڕخکاری" (ژمارە 14ـی ساڵی 2010) دا و رەوانەی پەرلەمانی کرد بۆ پەسندکردن.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا و لە چوارچێوەی رێکخستنی پەیوەندییە دەرەکییەکاندا ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتننامەی نێوان عێراق و ئیسپانیای بۆ هاوکاری لە بواری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تاوان پەسند کرد.


