رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیێنێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵێنی داوە لە وەرزی هاویندا گازی پێویستیان بۆ دابین بکات. دەشڵێت لە هاویندا رۆژانە پێویستیان بە 60 ملیۆن مەتر سێجا گازە.
ئەحمەد مووسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی کارەبا چەندین جار لەگەڵ لایەنی ئێرانی لەبارەی دابینکردنی گازی پێویست لە وەرزی هاویندا قسەی کردووە، ''ئەوان بەڵێنیان پێداوین لە وەرزی هاویندا گازی پێویستمان بۆ دابین بکەن، بەمەبەستی بەگەڕخستنی ویستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بۆ هاوین رۆژانە پێویستمان بە 60 ملیۆن مەتر سێجا گاز هەیە."
ئەحمەد مووسا عەبادی، دەڵێت، ئێستا رۆژانە 20 ملیۆن مەترسێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، بەشێوەیەک 10 ملیۆن مەترسێجا بۆ ناوچەی ناوەڕاست و 10 ملیۆن مەترسێجاکەی دیکە بۆ ناوچەی باشووری عێراق کە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایان پێ بەگەڕ دەخرێت.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە، هەوڵدەدەن سوود لە گازی نیشتمانی وەربگرن، بە وەبەرهێنان و دابینکردنی گازی نێوخۆیی، هاوردەکردنی گاز کەمدەکەنەوە.
رۆژی چوارشەممە 27-03-2024 وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق واژۆی لەسەر گرێبەستێکی هاوردەکردنی گازی سرووشتی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئێرانی کردووە. وەکو وەزارەتەکە دەڵێت، بەپێی رێککەوتنەکە، رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گاز هاوردەی عێراق دەکرێت.
وەزارەتی کارەبا باس لەوەش دەکات، هاوردەکردنی گازی سرووشتی تاوەکو ئەوکاتە بەردەوام دەبێت، کە نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکانی نێوخۆ تەواو دەبن و خواستی پێویستیی کارەبای نێوخۆی عێراق دابین دەکەن.
ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامادەکارییەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ دابینکردنی کارەبا لە وەرزی هاوین خەریکە تەواو دەبن، هەر لە نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە هەبوونی وێستگەی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا، وەکو وێستگەی دوبز، وێستگەی عوکاز و وێستگەی موسەیب، هەروەها نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا و هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا."
گوتەبێژی ئەو وەزارەتە گوتی، پلانیان هەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، 5000 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانی زیاد بکەن.
رۆژی پێنجشەممە 14-03-2024 ئەمریکا جارێکی دیکە عێراقی لە پابەندبوون بە سزاکانی واشنتن بۆ سەر ئێران بەخشیوە و رێگە بە بەغدا دەدات کارەبا لە تاران بکڕێت.
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوتبوو، ئەو پارەیەی ئێران لە فرۆشتنی کارەبا بە عێراق دەستیدەکەوێت، رێگەی پێنادرێت بچێتە نێو ئێرانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پارانە لە "هەژماری سنوورداردا هەڵگیراون و تەنیا دەتوانرێت بۆ مامەڵەی کڕینی خۆراک، دەرمان، ئامێری پزیشکی، بەرهەمی کشتوکاڵی بەکاربهێنرێت و مامەڵەکانی دیکە کە سزا نەدراون."



