رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 07:00ـی بەیانی رۆژی سێشەممە بنکەکانی دەنگدان کرانەوە و دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد،زیاتر لە 20 ملیۆن و 90 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە لە 39 هەزار و 285 وێستگە دەنگ دەدەن.
دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق 11 کاژێر بەردەوام دەبێ، بنکەکان لە کاژێر 7:00 تاوەکو کاژێر 18:00ـی کراوە دەبن،دوای ئەو کاژێرە ئامێرەکان خۆکارانە دەوەستن و پرۆسەی دەنگدان تەواو دەبێت.
لە عێراق و هەرێمی کوردستان، 20 ملیۆن و 90 هەزار و 311 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، هەرچەندە زیاتر لە 29 ملیۆن کەس لە عێراق لەتەمەنی دەنگداندان، بەڵام تەنیا 21.3 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە کە مەرجی بەشدارییە لەو هەڵبژاردنەدا.
دەنگدان لە 18 بازنە دەبێت،15 بازنەی هەڵبژاردن لە عێراق و سێ بازنە لە هەرێمی کوردستان، لە هەموو بازنەکان 8 هەزار و 703 بنکە دەکرێنەوە، لەنێو بنکەکاندا بە کۆی گشتی 39 هەزار و 285 وێستگە دانراون.
ژمارەی دەنگدەرانی سێ بازنەکەی هەرێمی کوردستان 3 ملیۆن و 68 هەزار و 411 دەنگدەرن، کە دەکاتە 14.3%ی کۆی دەنگدەرانی عێراق، بەمشێوەیە ٪85.7ـی دەنگدەران لە پارێزگاکانی عێراق و ناوچەکێشەلەسەرەکانن و ٪14.3ـی دەنگدەرانیش لە هەرێمی کوردستانن.
هەڵبژاردنەکە فرەبازنەییە، لە هەر بازنەیەکدا بەربژێران رکابەری لەسەر کورسییەکانی پارێزگاکە دەکەن، هەرێمی کوردستان خاوەنی 46 کورسییە لە پەرلەمانی عێراق لە سێ بازنەدا،بەڵام دەنگدەری کورد لە پارێزگای دیکەش هەن بەتایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لە بازنەکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەدین، دیالە، هەروەها دەنگدەری کوردی فەیلی لە بەغدا و لە واسیتیش ، بە کۆی گشتی رکابەرییەکە لەسەر 329 کورسییە، 83 کورسی بۆ ژنان،9 کورسی بۆ پێکهاتەکان، 5 کریستیان، هەریەکە لە کوردانی ئێزدی، شەبەک،فەیلی کورسییەک و سابیئەی مەندائیش کورسییەکیان بۆ دانراوە .
دەنگدانی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حیزبەکان
هاوشێوەی هەموو دەنگدەرێک سەرۆک و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها سەرۆکی حیزب و لیستە جیاوازەکان بەشداری دەنگدان دەکەن، هەریەکێکیان دەبێ لە بازنەکەی خۆی دەنگ بدات،سەرۆک بارزانی بڕیارە لە پیرمام لە بنکەیەکی دەنگدان دەنگ بدات، هەروەها نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لە هۆتێل رۆتانا دەنگدەدات، مەسرور بارزانی لە بنکەیەکی دەنگدان لە پیرمام دەنگ دەدات .
بازنەی دەنگدانی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانییە،بۆیە بڕیارە لە قوتابخانەی رەوشەن بەدرخان لە سلێمانی دەنگ بدات، وادانراوە کاژێر 7:00 بەشداری دەنگدان بکات، قوباد تاڵەبانیش بە هەمان شێوە لە سلێمانی و لە قوتابخانەی رەوشەن بەدرخان دەنگ دەدات .
سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بڕیارە کاژێر 8:15 ـی خولەکی بەیانی لە قوتابخانەی سابڵاخ لە سلێمانی دەنگ بدات،بازنەی دەنگدانی ئەمینداری یەکگرتوو لە سلێمانییە و لەوێوە بەشداری پرۆسەکە دەکات،پێچەوانەی عەلی باپیر کە بازنەی دەنگدانی لە هەولێرە،ئەمیری کۆمەڵی دادگەری بڕیارە لە قوتابخانەی ژیلوانی بنەڕەتی لە هەولێر بەشداری دەنگدان بکات.
هەروەها بڕیارە عەلی حەمە ساڵح کاژێر 10:00 لە قوتابخانەی رەوەندی بنەڕەتی لە هەولێر دەنگ بدات.
حیزبەکانی کوردستان رکابەری لەسەر کورسی دەکەن،سەرۆکی حیزبەکانیش لە بەیانی زوودا بەشداردەبن و دەیانەوێت خەڵک بەشدارییەکی کارای هەبێ لە هەڵبژاردندا، بەڵام لەو هەڵبژاردنەدا سەرۆکی سێ حیزب ناتوانن دەنگ بدەن.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ؛ لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی مافی دەنگدانیان نییە." هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سندوقەکانی دەنگدان جووڵاو نین و زیندانیان مافی دەنگدانیان نییە .
هەروەها عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "یاسا رێگری لە دەنگدانی زیندانییەکان کردووە و کارەکە لە دەستی ئێمەدا نییە."
جیا لەوانە، 2 هەزار و 128 سزادراو، کە حوکمەکانیان کەمتر لە پێنج ساڵە و مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان مافی دەنگدانی پێنەداون.
ئەوانەی یەکەمجارە بەشداری دەنگدان دەکەن
لە کۆی 1.8 ملیۆن کەس لە لەدایکبووانی ساڵانی 2006 و 2007 لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە یەکەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە، 786,300 کەس کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرکردووە و رێگەیان پێ دەدرێت دەنگ بدەن، کە دەکاتە 41.4%ی کۆی گشتیی لەدایکبووانی ئەو دوو ساڵە.
لە هەرێمی کوردستان، 58.8%ی ئەو کەسانەی لەو دوو ساڵەدا لەدایکبوون دەتوانن دەنگ بدەن، کە ژمارەیان زیاتر لە 211,000 کەسە.
لەدایکبووانى 2006 لە هەولێر 39 هەزار و 251 کەسن، 25 هەزار و دوو کەسیان کارتى بایۆمەترییان دەرهێناوە، بەوپێیە 63.69%ى لەدایکبووانى ئەو ساڵە لە هەولێر کارتى بایۆمەترییان دەرهێناوە.
لەدایکبووانى ساڵى 2007 لە هەولێر 39 هەزار و 984 کەسن، 21 هەزار و 273 یان کارتى بایۆمەترییان دەرهێناوە، بەوپێیە 53.2%ى لەدایکبووانى ئەو ساڵە لە هەولێر کارتى بایۆمەترییان دەرهێناوە و دەتوانن دەنگ بدەن.
لە پارێزگاى سلێمانى لەدایکبووانى 2006 گەیشتووەتە 36 هەزار و 349 کەس، 21 هەزار و 787 یان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، بەوپێیە 59.9%یان دەتوانن دەنگ بدەن، لەدایکبووانى ساڵى 2007 لە سلێمانى 38 هەزار و 475 کەسن، بەڵام 16 هەزار و 273 یان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە کە دەتوانن دەنگ بدەن، بەوپێیە 42.2%ى لەدایکبووانى ئەو ساڵە دەتوانن دەنگ بدەن.
ژمارەى لەدایکبووانى ساڵى 2006 لە دهۆک گەیشتووەتە 28 هەزار و 788 کەس، 21 هەزار و 75 یان کارتى دەنگدانیان هەیە، بەو پێیە 73.2%یان دەتوانن دەنگ بدەن، هەرچى ئەوانەن کە لە ساڵى 2007 لە دهۆک لەدایک بوون گەیشتووەتە 29 هەزار و 14 کەس، لەو ژمارەیە 19 هەزار و 255 یان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە، بەو پێیە 66.3%یان دەتوانن دەنگ بدەن.
شێوازی دەنگدان و رێکارەکانی
دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت.
پێویستە دەنگدەر هەردوو کارتی بایۆمەتری و نیشتمانیی پێ بێت. لەسەر کارتی بایۆمەتریی دەنگدان ناوی ناوەندی دەنگدانەکە نووسراوە و لە دیوەکەی دیکەی کارتەکەشدا ژمارەی وێستگەی دەنگدان تۆمار کراوە.
دوای ئەوەی دەنگدەر دەچێتە ئەو وێستگەیەی دەنگی لێ دەدات، کارتی بایۆمەتریی دەنگدانەکەی پێشکێشی فەرمانبەری سەر سندووقەکان دەکات، فەرمانبەرەکە کارتەکە دەخاتە نێو ئامێرەکەوە و دواتر ئامێرەکە داوای پەنجەمۆر دەکات بۆ بەراوردکردنی لەگەڵ ئەو پەنجەمۆرەی لەنێو کارت و ئامێرەکەدا تۆمار کراوە. ئەگەر پەنجەمۆرەکە هاوتا نەبوو، 10 جار هەوڵ دەدرێتەوە. ئەگەر هێشتا سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا کۆمیسیۆن کامێرایەکی تایبەتی لەسەر ئامێرەکە داناوە بۆ وێنەگرتنی رووخساری دەنگدەرەکە و بەراوردکردنی زانیارییەکانی لەگەڵ وێنەی سەر کارتەکە. دواتر لە رێگەی فۆڕمی دەنگدانەوە، دەنگدەر لیست و بەربژێری دڵخوازی خۆی هەڵدەبژێرێت.
کۆمیسیۆن رایگەیاندووە:" ئەگەر 33%ی مۆری دەنگدان بکەوێتە نێو خانەی دیاریکراو، ئامێرەکان دەنگەکە هەژمار دەکەن و پووچەڵ نابێتەوە، بەڵام ئەگەر لەو رێژەیە کەمتر بێت، پووچەڵ دەبێتەوە.
دەنگی دەنگدەران بە نهێنی دەمێنێتەوە
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە نهێنی دەمێنێتەوە و تەنانەت کۆمسیۆنیش نازانێت دەنگدەران دەنگیان بە کێ داوە.
پرۆسەی دەنگدان و ئامێرەکان بە شێوەیەک داڕێژراون کە هیچ ئاماژەیەک بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی دەنگدەر لەخۆ ناگرن، بەڵکو تەنیا دەنگەکەی هەژمار دەکرێت.
لە بنکەکانی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا، رێگە بە دەنگدەران نادرێت مۆبایل ببەنە ژوورەوە و وێنەی کارتی دەنگەکانیان بگرن،دوای دەنگدانیش هەموو وێستگەکان دەبرێنە لقی کۆمیسیۆن لە هەر پارێزگایەک .
کارمەندانی سەر سندووق وەک یەکەم کەس دەنگ دەدەن
جگە لەو کارمەندانەی لە رێگەی لینکێکەوە ناویان وەکو چاودێری سەر سندووقەکان گەڕابووەوە، لایەنە سیاسییەکانیش چاودێری خۆیان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان تۆمار کردووە. هەر حیزبێک دەتوانێت نزیکەی 6 چاودێر بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان تۆمار بکات.
لە عێراق و هەرێمی کوردستان، 235 هەزار کەس وەکو کارمەندی سەر سندووق دیاری کرابوون، کە 34 هەزار کەسیان لە هەرێمی کوردستان بوون.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ کارمەندێکی سەر سندووق نایتوانی لە دەنگدانی تایبەت دەنگ بدات، هەموویان دەبێت بەیانی رۆژی سێشەممە لە نێوان کاژێر 07:00 تاوەکو 08:00 دەنگ بدەن".
لە پارێزگای هەولێر 12 هەزار و 339 کارمەند، لە پارێزگای سلێمانی 13 هەزار و 340 کارمەند و لە پارێزگای دهۆکیش 8 هەزار و 256 کارمەندی سەر سندووق هەن.
هاوکات بە گوتەی بەرپرسانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە پارێزگای سلێمانی و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە سنووری زاخۆ بۆ رووداو، لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا، هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، هەروەها هەرێمی کوردستان و تورکیا ئاسایی دەبێت.
کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکان و تانەلێدان
کۆمیسیۆن، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا گۆڕانکاریی لە پێدانەوەی ئەنجامی دەنگدان لە وێستگەکان بە چاودێرانی لایەنە سیاسییەکان کردووە و بریکاری لایەنە سیاسییەکان دەتوانن لە رێگەی بارکۆدێکی تایبەتەوە ئەنجامەکانی دەنگدانی هەر وێستگەیەک وەربگرنەوە. لە ماوەی 24 کاژێردا ئەنجامی بەراییی هەڵبژاردن رادەگەیێندرێت، بەڵام تانە لە ئەنجامە بەرایییەکان نادرێن، دواتریش ئەنجامی دەنگدانی تایبەت و گشتی پێکەوە رادەگەیێندرێت.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، کۆمیسیۆن ئەپلیکەیشنێکی چالاک کردووە کە دەنگدەران دەتوانن لەو رێگەیەوە بزانن لە کوێ دەنگ دەدەن و کارتەکەیان چالاکە یان نا؛ ئەنجامەکانی دەنگدانیش لەو ئەپلیکەیشنەدا دیار دەبن. ئەم ئەپلیکەیشنە بۆ هەردوو سیستمی ئەندرۆید و IOS ئامادە کراوە.
24 کاژێر دوای دەنگدانی گشتی، ئەنجامی بەرایی فەرمی رادەگەیێنرێت ، دوای ئەنجامی فەرمی کۆتایی سێ رۆژیان لەبەردەستە و دەتوانن تانە لە ئەنجامەکان بدەن. دوای تانەکان، دەستەی دادوەری، کە لە سێ دادوەر پێکدێت، بڕیار لەبارەی تانەکان دەدات. ئەگەر دەستەکە تانەکانی رەتکردەوە و واژۆی لەسەر پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە کرد، ئەوا ئەنجامەکان قبووڵ دەکرێن و هەڵبژاردنەکە بە سەرکەوتوو ناودەبرێت و بە هیچ شێوەیەک هەڵناوەشێتەوە.


