رووداو دیجیتاڵ
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، "پێویستمان بەوەیە لیژنەیەکی هاوئاهەنگیی ئەمنی بۆ وڵاتانی ناوچەکە دروست بکرێت."
ئەو گوتەیەی قاسم ئەعرەجی لە کۆبوونەوەیەکیدا بوو لەگەڵ عەلی باقری، جێگری ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کە لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەڕێوەچوو.
قاسم ئەعرەجی رایگەیاند، دەستووری عێراق رێگە نادات خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەنابردن بۆ کەناڵە دیپلۆماسییەکان کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە ناوچەکەدا.
عەلی باقری خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە بەوەی لەم نزیکانەدا لە ئێران قاسم ئەعرەجی دەبینێت.
پێشتر لە 24ی ئایار، قاسم ئەعرەجی بە رووداوی رایگەیاندبوو، بەم نزیکانە شاندێکی ئەمنیی باڵا بە بەشداریی نوێنەری هەرێمی کوردستان، سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.
