دەنگدان بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتاییهاتووە و ئەمڕۆ سێشەممە یەکێتی ناوی 121 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتیی حیزبەکەی رادەگەیێنێت.
مەلا یاسین، گوتەبێژی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەنگدان بۆ ماوەی 12 کاژێر و تاوەکو کاژێر 2:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بەردەوام بوو و دەستکراوە بە جیاکردنەوەی دەنگەکان. بڕیاریشە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامی دەنگدانەکە رابگەیێندرێت.
مەلا یاسین پرۆسەکە بە سەرکەوتوو ناودەبات و دەڵێت، بۆ ئەوەی کارەکان گەندەڵی تێنەکەوێت یەک چرکەش راگەیاندنی ئەنجامەکان دواناخرێت و بە بەرچاوی هەمووان ئەنجامەکان ئاشکرا دەکەین.
کاژێر 10:15 خولەکی رۆژی دووشەممە 23-12-2019 و لە سێیەم رۆژی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتی دەستیپێکرد و ئەمڕۆ سێشەممەش دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان ناوی دەرچووەکان رادەگەیێندرێت.
رۆژی یەکشەممە 22-12-2019، دووەم رۆژی چوارەم کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتی پەسندکرا، دەسەڵاتیش درا بە 121 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتیی کە گۆڕانکاری تێدابکەن. هەروەها كۆنگره ئەندامانی ئهنجوومهنی باڵای سیاسیی یهكێتی پهسندكرد كه پێکهاتوون له: كۆسرهت رهسوول عهلی، هێرۆ ئیبراهیم ئهحمهد، مهلا بهختیار، عومهر فهتاح، حاكم قادر حهمهجان، عهدنان موفتی، ئهرسهلان بایز، شێخ جهعفهر شێخ مستهفا و دلێر سهید مهجید.
بڕیارە چەند رۆژێک دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرە، ئەنجوومەنی گشتیی یەکێتی، هەڵبژاردن بۆ سەرۆک و جێگری سەرۆک و بڕیاردەر بۆ ئەنجوومەنەکە ئەنجامدەدات و دواتریش ئەنجوومەنەکە سکرتێر یان سەرۆکی یەکێتی هەڵدەبژێرێت.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی باسی بەڕێوەچوونی دەنگدانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتیی یەکێتی دەکات



