رووداو دیجیتاڵ
دەیان کەس لە مامۆستایانی ئایینی خەڵکی شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا پشتیوانییان لە ناڕەزایەتییەکان دەربڕی و "تووندوتیژی، دەستبەسەرکردن و کوشت و کوشتاری خۆپێشاندەرانیان زۆر بەتووندی سەرکۆنە کرد".
264 مامۆستای ئایینی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە 08-10-2022 بڵاویان کردووەتەوە و وێنەیەکی بۆ رووداو نێردراوە دەڵێن: هۆکاری ناڕەزایەتییەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی "لە دەیەکانی رابردوودا داواکاریی خەڵک نەبیستراوە و لەبەرچاو نەگیراوە."
ئەو مامۆستایانە دەڵێن، "هەڵاواردنی ئایینی و نەتەوەیی، ئاشكرابوونی گەندەڵی هەزاران ملیار تمەنی، سەپاندنی ئایدیۆلۆژی چینی دەسەڵاتدار، بێکاری، بێهیوایی لاوان، رەچاو نەکردنی شایستەسالاری لە کاتی دامەزران، گرنگیی نەدان بە کۆچی دەستەبژێرەکان، دامەزران لەڕێگەی فیلتەری تایبەتەوە و جێبەجێنەکردنی" دەستووری ئێران هۆکاری ناڕەزایەتییەکانە.
ئەو مامۆستایانە دەڵێن، چاوەڕوانیمان لە حکومەتی ئێران ئەوەیە پێداچوونەوە بە سیاسەت و کارکردەکانی خۆیدا بکاتەوە و بەزووترین کات گیراوەکان ئازاد بکات.
خۆپێشاندانەکان رۆژی 18-09-2022 وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر گیانلەدەستدانی گوماناوی ژینا ئەمینی، کچێکی 22 ساڵی سەقز دەستیپێکرد، چوار هەفتەیە بەردەوامە.
ئەو مامۆستایانە دەڵێن، گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی "بە دەستی پۆلیسی رەوشت، بڵێسەیەک بوو کە ناڕەزایەتیی دەیان ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێرانی بە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی" تەقاندەوە.
پزیشکی دادی تاران رۆژی 07-10-2022 رایگەیاند: ژینا ئەمینی لێی نەدراوە و هۆکاری گیانلەدەستدانی گەڕاندەوە بۆ نەشتەرگەری و نەخۆشییەکی کە لە سەردەمی منداڵیی لە مێشکیدا هەبووە.
محەممەد ساڵح نیکبەخت، پارێزەری خێزانی ژینا ئەمینی و؛ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا، دواتر ئەو راپۆرتەیان رەتکردەوە. ساڵح نیکبەخت گوتوویەتی: ئەو بابەتەی پزیشکی داد بڵاویکردووەتەوە هیچ بنەمایەکی نییە، پزیشکانی پسپۆڕ رەتیدەکەنەوە بەهۆی لێکەوتەی نەشتەرگەرییەوە گیانی لەدەست دابێت.


