رووداو دیجیتاڵ
"رێپێوانی ئازادی" کە ئەمڕۆ یەکشەممە 9-10-2022 لە شارۆچکەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان دەستیپێکرد، گرژیی لێکەوتەوە و حەبیب ئێکسیک، پەرلەمانتاری هەدەپە برینداربوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
رێپێوانەکە لە شارۆچکەی گەڤەر دەستیپێکرد، خۆپێشاندەران لەلایەن پۆلیسەوە رێگرییان لێکرا و گرژی دروستبوو. لە گرژییەکاندا پەرلەمانتارێکی بازنەی ئیدری هەدەپە بەناوی حەبیب ئێکسیک، برینداربوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە. هەروەها پۆلیس 20 کەسی دەستگیرکردن و گرژییەکانیش بەردەوامن.
دیمەنی ئەو ساتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە کە پەرلەمانتارەکەی هەدەپە لەسەر زەوی کەوتووە و دەگوترێت کە لەلایەن پۆلیسەوە لێیدراوە.
لقی جۆلەمێرگی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە تویتێکدا بڵاویکردووەتەوە، "پۆلیس بە تووندی رووبەڕووی بەشداربووانی رێپێوانەکەی جۆلەمێرگ بووەتەوە و تووندوتیژی بەرامبەر بە هەریەک لە سەرۆکی لقەکەمان ئۆنور دوشەنمەز، شۆڕش دیریگۆز، سەرۆکی رێکخستنەکانی هەدەپە لە گەڤەر و پەرلەمانتاران بەکارهاتووە".
بارودۆخەکە لە ئیستەنبووڵیش بە هەمان شێوە بوو، ئەمڕۆ لایەنگرانی هەدەپە لە گۆڕەبانی تونەل دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە رێگرییان لێکرا، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، 42 خۆپێشاندەر لە ئیستەنبووڵ دەستگیرکراون.
هەروەها لە ئامەد پۆلیس بەتووندی بەرەنگاری بەشداربووانی رێپێوانەکە بووەوە و 50 کەسی دەستگیرکردن کە یەکێکیان سەرۆکی رێکخستنەکانی هەدەپە لە ئامەد بوو. لە هەندێک شوێنی رێپێوانەکەشدا رێگری لە میدیاکان دەکرا و ئاستەنگ بۆ گواستنەوەی دیمەنەکان دروستدەکرا.


