رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە بۆنە ناخۆشەکە ناوەندی شاری هەولێر و دەوروبەری گرتەوە و قایمقامیش دەڵێ: "بۆنی پاڵاوگە نایاساییەکانی دەرەوەی هەولێرن."
رۆژی یەکشەممە 09-10-2022، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو بۆنەی لە هەولێر بڵاوبووەتەوە، هی پاڵاوگەی نایاساییە، بەڵام ئەو پاڵاوگانەن کە دەکەونە دەرەوەی هەولێر لە سنوورەکانی مەخموور، گوێڕ و قوشتەپە.
بەپێی ئامارێکی ساڵی 2020، لە هەرێمی کوردستان 28 پاڵاوگە یاسایین و مۆڵەتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیان هەیە، 164 پاڵاوگەش نایاسایی و بێ مۆڵەتن کە 106 پاڵاوگەیان لە هەولێرن، 28ـیان لە سلێمانی و 30 پاڵاوگەشیان لە دهۆکن و دیار نییە لەو ژمارەیە چەندیان داخراون.
نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "سبەی لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر بە چڕی هەموو ناوچەکان دەپشکنن بۆ دۆزینەوەی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە و سزادانیان."
تاوەکو ساڵی 2015 تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر 116 پاڵاوگە هەبوون، قایمقامی هەولێر ئاماژە بەوە دەدات، ئێستا ژمارەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، چونکە بەهۆی ئەوەی ئەو پاڵاوگانە ئێستا نەوتی خاویان دەستناکەوێت، ژمارەی پاڵاوگەکان زۆر کەمبووەتەوە.
لەنێو دانیشتووانی هەولێر ئەو بۆنی گازە بە "بۆنە ناخۆشەکە" ناسراوە. ئەمڕۆ بۆنی گازەکە سەریهەڵداوەتەوە، کە پێنج ساڵ زیاترە بەرۆکی هەولێر و دەوروبەری بەرنادات.



