رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا درەنگانێکی شەوی رابردوو 16-7-2020 لە بەغداوە گەیشتە هەولێر و کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانەکەی بۆ هەولێر بەمەبەستی هاوسۆزی و پشتیوانییە.
ژان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، لە کاژێر 22:30 خولەک بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
چاوەڕوان دەکرێت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەمڕۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا بکەن.
ئۆلیڤیێ دێکۆتینی، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر شەوی رابردوو لە تویتێکدا بە زمانی کوردی هەواڵی گەیشتنی ژان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسای بۆ هەولێر راگەیاندووە و دەڵێت، ئەو سەردانەی بۆ هەولێر بۆ "هاوسۆزی و پشتیوانییە".
گەیشتنی وەزیری ئەوروپا و کاروباری دەرەوەی فەرەنسا ژان ئێڤ لۆدریان بۆ هەولێر بۆ سەردانێکی هاوسۆزی و پشتیوانی pic.twitter.com/HenDgqAC5G
— CG Decottignies (@O_Decottignies) July 16, 2020
ئەمە هەشتەمین جارە ژان ئێڤ لۆدریان دێتە هەرێمی کوردستان. پێشتر چوار جار وەکو وەزیری بەرگری سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، سەردانەکانی دواتریشی بۆ هەولێر وەکو وەزیری دەرەوە فەرەنسا بووە.
د. عادل باخەوان، شارەزا لە کاروباری سیاسیی فەرەنسا، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند، فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و پێگەی هەرێمی کوردستانیش لەنێو سیاسەتی فەرەنسادا جێگیرە.
مێژووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا بەشێوەی فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2001 و لەو ساڵەدا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ یەکەمینجار لە 1ی ئازاری 2001 لە پاریس کرایەوە.
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژی 16-7-2020، لەبارەی هۆکاری پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی فەرنسا رایگەیاند: "پەیوەندی نێوان گەلی کورد و فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژووییە، هەر لە پەیماننامەی سیڤەرەوە کە شارۆچکەیەکی بچووکە لە نزیک پاریس. لەوکاتەدا بڕیاردرابوو دوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وڵاتێک بۆ کورد دروست بکرێت، بەڵام بەداخەوە لە دوای پەیماننامەی لۆزان لێی پاشگەز بوونەوە".
پێشتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا لە مانگی 7-2019 لەگەڵ رەوەندی کوردیی لە فەرەنسا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا رایگەیاندبوو، پەیوەندی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژووییە، فەرەنسا یەکەم وڵات بوو بۆ پاراستنی گەلی کورد بڕیاری دروستکردنی ناوچەی ئارامی لە کوردستان دا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی "پەیوەندییەکانمان هەمیشە بەهێزبوون بەتایبەت لە سەردەمی سەرۆک میتران، هەمیشە ئەو پەیوەندییانە بەردەوامبوون. دوای گشتپرسی کوردستانیش فەرەنسا رۆڵێکی گرنگی گێڕا بۆ هاوکاری هەرێمی کوردستان. ئەگەر ئەو رۆڵە گرنگەی فەرەنسا نەبووایە دیارنەبوو کوردستان بەرەو کوێ دەچوو. فەرەنسا دەرگای سیاسی بەڕووی ئێمەدا کردەوە".
هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە نامەیەکی تایبەت بۆ نێچیرڤان بارزانی لەکاتی بوونی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و گوتی "فەرەنسا و كوردستانی عێراق لەڕێگەی پەیوەندیی مێژوویيهوه بهیهكهوه گرێدراون".

.jpeg&w=3840&q=75)
