رووداو دیجیتاڵ
ململانێ سیاسییەکان رەوینەوە و کاتی گفتوگۆکردنە لەبارەی دۆخی دارایی و ئابووری. لە دانیشتنی ئەمڕۆدا پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوە بۆ راپۆرتی لیژنەی دارایی و ئابووری دەکات، کە تێیدا هۆکارەکانی خراپیی دۆخی دارایی، سەرچاوەکانی داهات، پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە روونکراونەتەوە.
هێڤیدار ئەحمەد، جێگیری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باسی هۆکارەکانی تێکچوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان دەکەن. "بۆچی تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان قاسەیەکی نەبێت پارەی پاشەکەوتی تێدا هەڵگیرابێت تاوەکو بۆ کاتێکی ئاوا سوودی لێوەربگرین".
جێگیری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، پلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا چین، "دەمانەوێت گوێ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بگرین بۆ ئەوەی بزانین پێکەوە دەتوانین چ بکەین بۆ ئەوەی لەم دۆخە ئابوورییە خراپە رزگار بین".
لە راپۆرتەکەدا باسی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی 2020ی عێراقدا کراوە و هاتووە، ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە تریلیۆنێک و 759 ملیار دینارە کە بە چوار بەش نێردراوە. هەر جارێک لەو پارەیە 11 ملیار و 880 ملیۆن دینار دراوەتەوە قەرزی بانکە ئەهلییەکان و کۆی گشتیی ئەو پارەیەی دراوەتەوە بانکە ئەهلییەکان لەو چوار جارەی کە عێراق بودجەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە 47 ملیار و 520 ملیۆن دینار بووە. بۆیە پوختەی پارەی هاتوو، تریلیۆنێک و 711 ملیار و 480 ملیۆن دینار بووە، واتە دوای دەرهێنانی پارەی بانکە ئەهلییەکان.
هۆکارەکانی خراپیی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان خراونەتەوەڕوو کە ئەمانەن:
- پشتبەستن بە داهاتی نەوت بە رێژەی 85%
- بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی سەرچاوەی داهات
- نەبوونی پێناسەیەکی دیاریکراوی سیستەمی ئابووری
- دەستوەردانی عێراق لە بەشە بودجەی کوردستان و گەندەڵی
- بەهەدەران و خراپبەڕێوەبردنی سەرچاوەی داهات
بەپێی ئەو راپۆرتەی لیژنەی دارایی ئامادەی کردووە و بڕیارە وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنەکانی پەرلەمان روونکردنەوەی زیاتری لەبارەوە بدەن.
بەغدا سێجار 453 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، جارێكیش تەنیا 400 ملیاری ناردووە و دوو مانگیشە هیچ پارەیەکی نەناردووە. ئەو پارەیەی بەغدا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ناردوویەتی، 959 ملیار دینارە و کەمترە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، واتە ساڵی رابردوو زۆر زیاتر هاتووە.
لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا وەزیری دارایی و ئابووری، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بەشداردەبن بۆئەوەی هەموو روونکردنەوەیەکی پێویست لەوبارەوە بدەن.
لە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممە 28-7-2020ـی پەرلەماندا هاتووە، دەستەی سەرۆکایەتی بڕیاریداوە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە کاژێر 11:00ـی بەیانی بەڕێوەبچێت. بەرنامەی کاری دانیشتنەکە کە دانیشتنی ژمارە (7)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانە بەمشێوەیە دەبێت:
یەکەم: خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری سەبارەت بە دۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی (وەزیرانی دارایی و ئابووری، پلاندانان و هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەنێوان هەرێم و بەغدا) لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی حوکمی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 66 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
دووەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای (ماف و ئەرکی نەخۆش لە هەرێمی کوردستان) بەپێی حوکمی ماددەکانی (87،88،89) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
دانیشتنەکەی پەرلەمان بەپێی حوکمی ماددەی (5) و بڕگەکانی (یەکەم و دووەم) لە ماددەی 16 و بڕگەی سێیەم لە ماددەی 18 و بڕگەکانی ( یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەم) لە ماددەی (20) و ماددەکانی (47،48،52،54،55،56،57)لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەبێت.
