رووداو دیجیتاڵ
بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە خەڵک لە عێراق و باشووری کوردستان دەچنە بنکەکانی دەنگدان بۆ دەنگدانی گشتی، 23 ملیۆن و 986 هەزار و 741 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە. سێ هەزار و 226 بەربژێر کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
لە کاژێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ 10ـی ئۆکتۆبەرەوە، بنکەکانی دەنگدان کرانەوە و تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوار کراوەدەبن. کۆمیسیۆنیش رایگەیاندووە، دوای 24 کاژێر ئەنجامە بەراییەکان بڵاودەکەنەوە.
لەم هەڵبژاردنەدا عێراق دابەشکراوە بەسەر 83 بازنەدا. بۆ هەر بازنەیەک کۆتایەک بۆ ژنان دانراوە. هەروەها نۆ کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکانی کریستیان، شەبەک، ئێزدی، سابیئە و کوردانی فەیلی تەرخانکراون.
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە پلانەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی رۆژی دەنگدان کرد.
عەبدولئەمیر شممەری، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن رایگەیاند، "یەکەکانمان هەموو ئامادەکارییەکانیان کردووە، ئێستاش لە ئاستێکی باڵادا ئامادەن، هەروەها هێزمان ناردووە بۆ زیاتر پاراستنی هەموو پارێزگاکان، وەکو هێزی یەدەکی بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە لیواکانی وەڵامدانەوەی خێرا و لیواکانی هێزە تایبەتەکانی سوپای عێراق، هاوکات دەزگای دژەتیرۆر لە پارێزگاکان بەشدارە لە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردن، هەروەها هاوئاهەنگی و هەماهەنگی هاوبەش هەن لە نێوان ئێمە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان."
لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق، 55 هەزار و 41 وێستگەی دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن لە هەر وێستگەیەک 450 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند؛ چاودێرەکان مافی خۆیانە لەو هەڵبژاردنە هەر ناوەندێکی دەنگدان دەستنیشان بکەن بۆ چاودێریکردنی و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی دەنگدان و لەنێوان ناوەندەکانی دەنگداندا هاتووچۆ بکەن.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە چەندین چاودێر و رۆژنامەڤانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی چاودێری و رووماڵی رووداوەکان دەکەن: 800 چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان، 715 چاودێری وڵاتان، 274 چاودێری یەکێتیی ئەوروپا، تیمێکی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، 86 وڵات و رێکخراو بانگهێشتکراون. 46 هەزار و 888 چاودێری نێوخۆیی، 207 هەزار و 344 نوێنەری لایەنەکان، 498 راگەیاندنکاری نێوخۆیی، 305 راگەیاندنکاری نێودەوڵەتی رووماڵ و چاودێریی هەڵبژاردنەکان دەکەن.
جەلیل عەدنان، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوا دەکات هەموو هاووڵاتییان بەشداریی دەنگدان بکەن. "ئەوەی دەمانەوێ بە ئێوەی بگەیێنن و لە رێگەی ئێوەشەوە بۆ گەلی عێراق ئەوەیە کە پێویستە هەمووان بەشداربن لە هەڵبژاردن، بەشداری فراوان بە ویستی خودا بنەمایەکە لە بنەماکانی سەرکەوتن، دەمانەوێ ئێستا پێتانی رابگەیەنین کە ژینگەی پارێزراو لە دەنگدانی گشتیدا دابیندەکرێت وەکو چۆن لە دەنگدانی تایبەتدا دابینکرا."
دەنگدەران لە هەشت هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدەدەن.
رۆژی شەممە 9-10-2021، لیژنەى ئەمنیی پارێزگاى هەولێریش راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە رۆژى بەڕێوەچوونى پرۆسەى دەنگدانى گشتیى سەرجەم (مۆڵ، مارکێت، بازاڕە میللییەکانى گەڕەکەکان) داخراو دەبن، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات، هاتووچۆی هاووڵاتییان بە ئۆتۆمبێل و لەناو شار و قەزا و ناحییەکان ئاسایی دەبێت و بازگەکانی هەولێریش لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کراوە دەبن.



