رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تورکیا 48 جار بۆردوومانی چەندین شوێنی لە هەرێمی کوردستان کردووە. بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤی رێکخراوەکە دەڵێت، "هیچ کەسێکی سڤیل لەو بۆردوومانانەدا گیانی لەدەستنەداوە."
بەگوێرەی نوێترین ئاماری تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی کە ئەمڕۆ هەینی 6ی تشرینی یەکەمی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی داوە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تورکیا 48 جار بۆردوومانی لە هەرێمی کوردستان کردووە. زۆرترین بۆردوومان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوون کە 19 بۆردوومان بوون؛ پاشان پارێزگای دهۆک 17 جار بۆردوومان کراوە؛ پارێزگای هەولێریش 12 جار لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان کراوە.
شوێنی بۆردوومانەکان بەگوێرەی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
- لە سنووری پارێزگای سلێمانی 19 جار بۆردوومانی گوندەکانی بناری قەندیل لە سنووری قەزای پشدەر، دەڤەری شارباژێڕ و چیای ئاسۆس کراوە.
- لە سنووری پارێزگای دهۆک سێ جار بۆردوومانی ناوچەکانی حەفتانین و گوندەکانی ناحیەی دەرکار لە سنووری قەزای زاخۆ کراوە؛ 14 جاریش بۆردوومانی ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین، گارە و مەتین لە سنووری قەزای ئامێدی کراوە.
- لە سنووری پارێزگای هەولێر 12 جار بۆردوومانی گوندەکانی دەڤەری برادۆست لە سنووری قەزای سیدەکان کراون.
کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی ئەمڕۆ هەینی 06-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی داتا و زانیارییەکانی بەردەستی ئێمە، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا هیچ هاووڵاتییەکی سڤیل گیانی لەدەستنەداوە."
چڕبوونەوەی بۆردوومانەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دوای رووداوەکەی کاژێر 09:30ی بەیانیی رۆژی یەکشەممە 1ـی ئەم مانگە هات کە هێرشکرایە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا لە ئەنقەرە.
دوای هێرشەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی هێرشکارەکانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە "ئەندامی کەتیبەی فیدایی نەمران"ـن هێرشەکەیان کردووە.

