رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی چەکداریی شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" دەناسێنن، هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریری لە ئەستۆگرت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە رووداو لە سەرچاوەیەکی نێو حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەریگرتبوو، ئەمڕۆ هەینی، 05-01-2024 فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر جارێکی دیکە بە درۆن کرایەوە ئامانج.
هەر بەپێی زانیارییەکان، درۆنەکە تێکشکابوو و هیچ زیانی گیانیی نەبوو.
نیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە 04-01-2024، بارەگەیەکی حەشدی شەعبی لە گەڕەکی فەلەستینی بەغدا بۆردوومانکرا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا و ئەو کارە "هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کردەوەی تیرۆریستی" و، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێی بەرپرسە.
لەدوای رووداوە بەشێک لە دامەزراوە حکومییەکانی عێراق سەرکۆنەی رووداوەکەیان کرد، بەشێک لە بەرپرسانی شیعەش هێرشەکەیان بە تیرۆریستی ناوبرد، قەیس خەزعەلی، ئەمیندارى گشتیى عەسائیبی ئەهلى حەق، سوپاى ئەمریکاى تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانى هێرشەکەى سەر بارەگاى حەشدی شەعبی لە بەغدا و ئاماژە بەوە دەکات، "راگەیێندراو و سەرکۆنەکردن چیدی سوودیان نەماوە."
لەدوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، هێرشی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و پەرەسەندنی شەڕی نێوانیان، هەندێک گرووپی چەکداری دیکە بەشداریی خۆیان لە شەڕەکەدا راگەیاند و پاڵپشتی حەماسیان کرد، لەوانە گرووپێکی چەکداری شیعییە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" ناساندووە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا "ئەو گرووپە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی" دەکرێن.
ئەو گرووپە تاوەکو ئێستا، بەرپرسیاریێتیی خۆی لە 15 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە و زۆرینەی هێرشەکانی لەڕێگەی درۆنەوە بووە، بەڵام تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێرشەکەی ئەمڕۆی نەگرتووەتە ئەستۆ.



