رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی قەزای چۆمان داوا لە بریکارەکانی خۆراک لە چۆمان و شارۆچکەکانی سمێلان، گەڵاڵە، حاجی ئۆمەران و قەسرێ دەکات، پارەی بەشە نەوتی دووەم رادەست بکەن بۆ وەرگرتنی نەوت. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، هەر ماڵێک 100 لیتری بە 31 هەزار دینار پێدەدرێت.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 09-01-2024 قایمقامیەتی قەزای چۆمان رایگەیاند، "سەرجەم بریکارەکانی خۆراک لە سنووری قەزای چۆمان؛ ناحییەکانی سمێلان، گەڵاڵە، حاجی ئۆمەران و قەسرێ ئاگادار دەکەینەوە، بۆ وەرگرتنی بەشە نەوتی دووەم هاووڵاتییان ئاگادار بکەنەوە، کە پارەی ئەو بەشە نەوتە رادەستی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سۆران بکەن."
سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای چۆمان ئێوارەی سێشەممە 09-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر ماڵێک 100 لیتر نەوت (نیو بەرمیل)ی بە 31 هەزار دینار پێدەدرێت."
قایمقامی چۆمان ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی سنوورەکەیان ئەم ساڵ ماڵی یەک بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە و ئەو 100 لیترەی دابەشی دەکەن دەبێتە دووەم بڕە نەوت لە ئەم ساڵدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی قایمقامیەتی چۆمان، هەر کەسێک لە شوێنی دابەشکردنەکە نەوت وەربگرێت 31 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، بەڵام هەر کەسێک لەبەردەم دەرگەی ماڵەکەی وەریبگرێت 2000 دینار کرێی لێوەردەگیرێت و دەبێت 33 هەزار دینار بدات.
رۆژی 20-12-2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و پێدانی نەوتی ماڵانی بە هەرێمی کوردستان بۆ چوار مانگ بە بڕی 50 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک پەسند کرد. قایمقامی چۆمان ئاماژەی بەوە کرد، دڵنیا نییە ئەو نەوتەی لە سنوورەکەی دابەش دەکرێت نەوتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانە یان ئەو نەوتەی عێراق بڕیاری ناردنی داوە.
رۆژی 02-01-2024 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، تاوەکو سەری ساڵ نزیکەی 207 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دابەشکردووە بەمشێوەیە؛ هەولێر زیاتر لە 90 ملیۆن لیتر؛ سلێمانی نزیکەی 72 ملیۆن لیتر و دهۆک نزیکەی 44 ملیۆن لیترە.
بەگوێرەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، زیاتر لە ملیۆنێک خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەندبوونە کە دەکاتە زیاتر لە 80%ی کۆی ژمارەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان و رێژەی سوودمەندبووان بەمشێوەیە؛ هەولێر نزیکەی 94%، سلێمانی: نزیکەی 69% و دهۆک زیاتر لە 79%.
بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە 200 لیتر بێت، 104 هەزار دینار لە هاونیشتمانییان وەردەگیرێت، ئێستا لە بەشێکی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی راگیراوە بەهۆی کەمی خواستەوە لەسەری و هاونیشتمانیان چاوەڕوانی نەوتی عێراق دەکەن، کە بڕیارە بەرمیلی بە 50 هەزار دینار بدرێتە خەڵک.


