رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بەهۆی رژانی سووتەمەنییەوە رێگەی سەرەکیی سلێمانی - دەربەندیخان داخراوە، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، کردنەوەی رێگەکە چەند کاژێرێکی دیکەی دەوێت.
سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەنێو شاری دەربەندیخانەوە بۆ نزیک ئەو شوێنەی کە سووتەمەنی لێ رژاوە و گوندی بیرکێیە ئۆتۆمبێل لە هەردوو ئاراستەی رێگەکەدا وەستاون و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆیان دروستبووە.
گوتیشی، نزیک کاژێر 11:00 رێگەکەیان کردووەتەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی رژانی سووتەمەنییەوە جارێکی دیکە رێگەکە داخراوە. دەشڵێت، "پێموایە چەند کاژێرێک و نزیک بە ئێوارە رێگەکە ئاسایی بکرێتەوە".
جیا لەو رێگەیە، شۆفێران دەتوانن رێگەی جێگرەوە بەکار بهێنن، وەکو رێگەکانی قەرەداخ و ناوتاق.
رژانی سووتەمەنی و بەتایبەت نەفتا؛ سووتانی تەنکەرەکان لە نزیک دەربەندیخان چەندین جاری دیکە روویانداوە، قایمقامی قەزاکە گوتی، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، سامانە سرووشتییەکان و پارێزگاری سلێمانی لە چارەسەرکردنی مەترسییەکانی تەنکەر و نەفتا ئاگادار کردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ چارەسەر نەکراون.
رێگەی دەربەندیخان – سلێمانی هەمان رێگەی بەستنەوەی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانییە، کە رۆژانە هەزاران هاونیشتمانیی و هاووڵاتیانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش هاتووچۆی پێدا دەکەن.


