رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری دا پێنج بەرپرسی باڵای ئەمنیی قەزای خورماتوو لە پۆستەکانیان دووربخاتەوە، دوای ئەوەی لە رێوڕەسمی عاشوورادا بە پێ بەسەر ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا رۆیشتن و وێنەکانیان لە بەشێک لە میدیا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە.
کەریم شوکر، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سنووری قەزای خورماتوو، ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی تەمموزی 2025، هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "لە رێوڕەسمی عاشوورادا ئەو ئەفسەرانە بە پێ بەسەر ئاڵای ئەمریکادا رۆیشتوون، بۆیە عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، بڕیاری دوورخستنەوەیانی دەرکردووە."
ئەفسەرە دوورخراوەکان پێکدێن:
- لیوا حوسێن عەلی رەشید، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای خورماتوو.
- عەمید موحسین سەفەر ئامرلی، فەرماندەی فەوجی حەوتی فریاکەوتن.
- عەمید سامر، بەڕێوەبەری بەشی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.
- عەقید فەیسەڵ یونس ئیبراهیم ئامرلی، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی خورماتوو.
- عەقید محەممەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی خورماتوو.
یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە فراکسیۆنی یەکێتی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو ئەفسەرانەی کە دوورخراونەتەوە، هەموویان لە نەتەوەی تورکمان و عەرەبن و هیچ کوردێکیان تێدا نییە."
لە وێنە بڵاوکراوەکاندا، زولفەقار حەیدەر سەلمان، قایمقامی قەزاکەش دەردەکەوێت، بەڵام یاسین داودی گوتی: "تائێستا روون نییە بڕیاری دوورخستنەوە قایمقامی خورماتووش دەگرێتەوە یان نا."
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان لەسەر پێکهێنراوە و لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە.
لەبارەی دەرفەتی گەڕانەوەی پۆستەکان بۆ کورد، کەریم شوکر، پەرلەمانتاری عێراق، بە رووداوی گوت: "دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسە ئەمنیانە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی داوا بکەین یەکێک لە پۆستەکان بدرێتە کورد و کاری بۆ دەکەین." بەڵام یاسین داودی دەڵێت، "کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئەفسەری باڵای کوردمان لەو ناوچەیە نییە، بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە."
قەزای خورماتوو دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەلاحەدین و یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، کورد زۆربەی پۆستە کارگێڕی و ئەمنییەکانی لە قەزاکە لەدەستداوە.



