رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێ درا، بەڵام پەروەردەی شارەکە بەدەست کەمی باڵەخانە و کەلوپەلەوە دەناڵێنێت. ئەم ساڵ لە خوێندنی کوردی شارەکە، 8 هەزار قوتابی لە پۆلی یەکەم وەرگیراون. هەروەها ژمارەیەکی زۆر قوتابیش لە خوێندنی عەرەبییەوە هاتوونەتەوە کوردی، بەڵام باڵەخانەکان وەکو خۆیان ماون.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، "نزیکەی هەزار قوتابی کە ئامارەکە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە گەیشتووەتە دەستم لەخوێندنی عەرەبییەوە هاتوونەتە خوێندنی کوردی، ئەمە مژدە بەخشە، هاوکات بەراورد بە ساڵانی رابردوو هەزار قوتابی زیاتر تەنیا لەپۆلی یەک وەرگیراون."
باڵەخانەی ناوەندی رۆشنا چوار دەوامی تێدا دەکرێت.
ناوەندی رۆشنا سێ ساڵە باڵەخانەکەی روخێندراوە بۆ دروستکردنی باڵەخانەی نوێ کەچی هێشتا کاری تێدا نەکراوە. ئێستا لە باڵەخانەیەک دان، جگە لە سێ دەوامی خۆیان، 400 قوتابی دیکەی تێدایە.
ژیرۆ سدیق، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی رۆشنای کچانە و دەڵێت، "کابینەکانیان بە ئێمە هەڵگرت و ئێمەیان لەوێ دەرکرد، هێناومانیان بۆ قوتابخانەیەکی چوار دەوامی، باڵەخانەکەیش هی ئەوە نییە، ئەوە هەڵناگرێت. تەماشای پۆلەکان بکەن، پۆلی وا هەیە 70 خوێندکاری تێدایە.
باڵەخانەی قوتابخانەی رۆشنا سێ ساڵە بەردی بناخەی دانراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەست بە کارەکانی نەکراوە. باڵەخانەی قوتابخانەی شۆراویش دوو ساڵە چۆڵکراوە و کاری تێدا نەکراوە.
پەروەردەی گشتیی کەرکووک نایشارێتەوە بەهۆی کەمی باڵەخانەوە کێشەی دوو دەوامی، سێ دەوامی و چوار دەوامی هەیە.
سامان مەجید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک لەمبارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات، "لە کەرکووک کێشەی دوو دەوامی و سێ دەوامی و دوو حاڵەتی چوار دەوامیشمان هەیە، بەسوپاسەوە لە ماوەکانی رابردوو جەنابی پارێزگار بەردی بناخەی 12 باڵەخانەی دانا لەشاری کەرکووک و کارکردن تێیدا بەردەوامە، چەندین پڕۆژەی دیکەی چینی و ئیتاڵیمان هەبوو و تەواوبوونە، ئەو 12 قوتابخانەیە تەواوبن هەندێ لەو کێشانە چارەسەر دەبن."
لە تەواوی پارێزگای کەرکووک 2250 دەوامی قوتابخانە و خوێندنگە و باخچە هەن و لە 1350 باڵەخانە دەوام دەکەن.
خوێندنی کوردی لە رووی باڵەخانەوە دۆخی خراپترە، چونکە لەکۆی557 دەوام تەنیا250 باڵەخانەی هەیە؛ زۆرینەی بێکەڵکن و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە. ئەمەش وایکردووە بەرامبەر خوێندنی عەرەبی قەرەباڵخترن و گوشاری زیاتریان لەسەرە.

