رووداو دیجیتاڵ
جگە لەو کارمەندانەی لە رێگەی لینکێکەوە ناویان وەکو چاودێری سەر سندووقەکان گەڕاوەتەوە، لایەنە سیاسییەکانیش دەتوانن چاودێری سەر سندوقەکانی دەنگدان تۆمار بکەن هەر حیزبێک دەتوانێت نزیکەی 6 چاودێر تۆمار بکات بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی لقی هەرێمی کوردستانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 06-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''هەر حیزبێک دەتوانێت 5,599 کەس وەکو چاودێری لایەنی سیاسیی تۆمار بکات؛ حیزبی پارتی و یەکێتی زیاتر لەو ژمارەیەیان ناردووە، بەڵام ئێمە ناوی 5,599 کەسمان تۆمار کردووە کۆی گشتیی هەردووکیان دەکاتە 11,198 کەس. کۆدیان لە بەغدا پێدراوە و لە رۆژانی داهاتوودا باجەکانیان دەگەڕێتەوە.''
بەرپرسی لقی هەرێمی کوردستانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان راشیگەیاند:"حیزبەکانی دیکەش ناویان تۆمار کردووە، بەڵام کەمترە، تەنیا پارتی و یەکێتی رێژەکەیان پڕکردووەتەوە.''
حیزبەکان دەتوانن لەسەر هەر وێستگەیەک چاودێرێکی خۆیان دابنێن، پێیان دەگوترێت ''چاودێری قەوارەی سیاسی"،تۆمارکردنی ناوی رێکخراوەکان و چاودێرانی کیانە سیاسییەکان کەمترە لە چاو هەڵبژاردنەکانی دیکە،هۆکارەکەشی وەکو کۆمیسیۆن دەڵێت:"ئێستا دروستکردنی باج بۆ کارمەندان بووەتە پارە، بۆیە کەمتر تۆمار دەکرێن.''
جگە لە چاودێرانی نێوخۆیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، رێکخراو، کۆنسووڵخانە و رۆژنامەڤانی وڵاتان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە. بەگوێرەی رێکارەکانی تۆمارکردنی چاودێرانی بیانی، ئەو رێکخراوە بیانییانەی داواکاری پێشکێش دەکەن، دەبێت مۆڵەتیان لە حکومەتی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت.




