رووداو دیجیتاڵ
دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە تەواوی عێراق بەڕێوەدەچێت. بریکاری میری ئێزدییان داوای لە ئێزدییەکان کرد "بە سۆزداری و بێ بەرپرسیاریێتی" دەنگ نەدەن و گوتی: "لە هەرێمی کوردستان و نەینەوا نزیکەی 150 هەزار دەنگدەری ئێزدی هەن."
رۆژی دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2025، هەرمان میرزا بەگ، بریکاری میری ئێزدییان لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "ژمارەی دەنگدەرە ئێزدییەکان بەسەر هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوادا دابەش بوون، کە زیاتر لە 150 هەزار دەنگدەر دەبن؛ بەشێکیش دوێنێ لە دەنگدانی تایبەت دەنگیان داوە، لە دەنگدانی گشتیشدا خەڵکی شنگال و دەوروبەری بەشداری دەکەن."
ئێزدییەکان یەک کورسیی کۆتایان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق هەیە. هەرمان میرزا بەگ دەڵێت: "دەستی دەرەکی لە سەرانسەری عێراقدا دەبێت، چاودەبڕنە کورسیی کۆتای ئێزدییان، بەڵام ئەمجارە کۆتای ئێزدییان کاریگەریی خۆی دەبێت و دەچێتە دەستێکی ئەمین، راست و دروست؛ پشتیوانی و پارێزگاری لە ئێزدییەکان و ئاوارەکانی خەڵکی شنگال دەکات، چونکە ئەمجارە تەنیا شنگال نییە و هەموو دەڤەری ئێزدییەکان بەشدار دەبن."
بریکاری میری ئێزدییان، داوای لە دەنگدەرانی خۆیان کرد "بە سۆزداری و بێ بەرپرسیاریێتی" دەنگ نەدەن، بۆ ئەوەی پەشیمان نەبنەوە و دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە خەڵکێکی زۆرمان بەشدار دەبێت، رێژەی ئێزدییان لە پەرلەمان باش دەبێت و خراپ نابێت. زۆر لایەن لەم ماوەیەدا کار دەکەن تاوەکو دەنگی خەڵکی ئێمە بۆ خۆیان ببەن؛ بەڵام خەڵکی ئێمە تێگەیشتوون و هیوادارم دەنگی خۆیان لەدەست نەدەن و ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە کێ دەرگای بۆ کردنەوە، رێز لە ئەنجوومەنی رۆحانی و کەسایەتییە دیارەکانی خۆیان بگرن."
لەبارەی هاوکاریکردنی ئاوارەکان بۆ کاتی دەنگدان، هەرمان میرزا بەگ دەڵێت: "حکومەت، بەربژێران، حیزبە بەهێزەکان و خەڵکی ناوچەکان ئاسانکاری بۆ ئاوارەکان دەکەن لە کاتی گەڕانەوەیان، بەڵام یەک جاریش گوێم لێ نەبووە کە حکومەتی عێراق هاوکاریی ئەو ئاوارانە بکات کە دەنگ دەدەن."


.jpg&w=3840&q=75)
