رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری ئێران دەڵێت، ئەو ژنانەی پابەندی باڵاپۆشی نابن تاوانبارن و دەبێ دەستبەسەر بکرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیان زۆرە ناتوانن هەموویان دەستبەسەر بکەن.
عەبدولحوسێن خوسەرپەنا، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری ئێران رۆژی پێنجشەممە، 25-02-2023 لە رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەیەکی ئایینی لە شاری قوم گوتی، بەپێی یاسا کەسێک کە پابەندی باڵاپۆشی نابێت تاوانبارە و دەبێ دەستبەسەر بکرێ و بدرێتە دادگە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئەو کەسانە زۆرە، ناتوانن هەموویان دەستبەسەر بکەن، بۆیە بەپێی پڕۆژەیاسای نوێی دەزگای داد و حکومەت، پابەندنەبوونی ئەو کەسانە بە باڵاپۆشی لە قۆناخی یەکەمدا بە سەرپێچی هەژمار کراوە، نەک تاوان.
بە گوتەی خوسرەو پەنا، پابەندنەبوونی ژنان بە باڵاپۆشی لە قۆناخی یەکەمدا سەرپێچییە و بە هۆشداری یان سزای نەختی هەوڵدەدەن پابەندیان بکەن، بەڵام ئەگەر ژنانێک پێداگرییان لەسەر پابەندنەبوون کرد، ئەو کات دەدرێنە دادگە و سزای وەکو بەندکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت. دەشڵێت، بە هۆشداری پێدان و سزای نەختی ژمارەی ئەو ژنانەی پابەندی باڵاپۆشی نابن، کەمتر دەبێتەوە و ئەو کات دەتوانن سزای وەکو بەندکردنیان بەسەردا بسەپێنن.
حکومەت و دەزگای دادی ئێران هەفتەی رابردوو پڕۆژەیاسای باڵاپۆشی ژنانیان رادەستی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کردووە. بەپێی پڕۆژەیاساکە، ئەو ژنانەی پابەند نەبن سەرەتا بە هۆشداری و دواتر بە سزای نەختی و بێبەشکردن لە خزمەتگوزاریی گشتی ئاگادار دەکرێنەوە. ئەگەر دیسان پابەندی باڵاپۆشی نەبن، "دەدرێنە دادگە و لەوێ سزای نەختی قورس یان بەندکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت."
ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری ئێران ساڵی 1984 پێکهاتووە بە ئامانجی پەرەپێدانی کولتووری ئیسلامی لە نێو کۆمەڵگەدا و سەرۆککۆماری ئێران سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە دەکات.



