رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئیتیڵاعاتی ئێران دەڵێت، ئەمریکا و فەرەنسا و 18 وڵاتی دیکە دەستیان لە خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی گوماناویی ژینا ئەمینیدا هەبووە.
خۆپێشاندانەکان دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە 16ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، ژینا ئەمینی، کچە کوردی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی شاری سەقز، دوای دەستگیرکردنی بە تۆمەتی پێشێڵکردنی یاساکانی سەرپۆشی، گیانی لەدەستدا کە کەسوکارەکەی دواتر گوتیان کوژراوە.
لە خۆپێشاندانەکەدا سەدان کەس کوژران، لە نێویاندا ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، هەروەها هەزارانی دیکە بە تۆمەتی "ئاژاوەگێڕی" دەستگیرکران، کە بە گوتەی بەرپرسانی تاران، دەستی دەرەکی لە پشت بووە.
محەممەد کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران گوتی: "ئەو لێکۆڵینەوانەی کە دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران کردوونی، پێشانیدەدن کە 20 وڵات لەو پشێوییانەدا تێوەگڵاون."
بە گوتەی کازمی، هەریەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا، بەلجیکا، ئیتاڵیا و ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکە دەستیان لە هاندانی خۆپێشاندانەکاندا هەبووە.
کازمی لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، باسی لەوە کردووە، سعودیە و ئیماراتیش لە نێو ئەو وڵاتانەدا بوون.
زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە کازمی ناوی هێناون، بە ئاشکرا پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپێشاندەرەکان دەربڕیوە و لە بەرامبەر مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەگەڵیاندا، سزایان بەسەر تاراندا سەپاند.
کازمی هەروەها گوتی، هەواڵگریی ئیمارات و ئیسرائیل "ناوبەناو لە وڵاتێکی عەرەبی کۆدەبوونەوە بۆ ئەوەی پشتیوانی لە ئاژاوەکان" نێو ئێران بکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، کە دیپلۆماتەکانی فەرەنسا لە تاران "زانیارییان لەبارەی خۆپێشاندانەکان و هێزە ئەمنییەکانی ئێران کۆدەکردەوە."
بەهۆی شێوازی مامەڵەی لەگەڵ خۆپێشاندەراندا، ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا ژمارەیەک گەڕی سزایان بەسەر ئێراندا سەپاندووە.



