رووداو دیجیتاڵ
سێ ژنە رۆژنامەڤانی ئێرانی بە ناوەکانی مهرنوش زارعی، سەعیدە شەفیعی، نەسیم سوڵتانبیگی لە دادگەی شۆرشی تاران دادگایی کران.
ئەو سێ ژنە رۆژنامەڤانە، ساڵی رابردوو بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" دەستبەسەرکران و دواتر بە دانانی بارمتە ئازادکران. رۆژنامەڤانەکان رۆژی دووشەممە، 03-07-2023 بۆ یەکەمجار دادگایی کران، بەڵام هیچ بڕیارێک لە بارەی دۆسیەکەیانەوە نەدرا.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، تۆمەتی ئەو رۆژنامەنووسانە بەگوێرەی نووسراوی خۆیان "بانگەشەکردنە دژی حکومەت".
رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە ئێران لە راگەیێندراوێکدا لە دژی دادگاییکردنی ئەو سێ رۆژنامەڤانە رایگەیاند: "سەرکوتکردنی بێوچانی راگەیاندکاران، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی سڤیل سەرکۆنە دەکەین." هەروەها داوای ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو رۆژنامەڤانە دەستگیرکراوەکانی کرد.
سەعیدە شەفیعی، چیروکنووس و رۆژنامەنووسی ئابووری، ساڵی رابردوو دەستبەسەرکرا؛ چەند هەفتەیەک دواتر بە دانانی بارمتەی مادی ئازاد کرا.
مهرنوش زارعی رۆژنامەنووسی بواری کۆمەڵایەتی ساڵی رابردوو دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
ئامادەکردن: ژیلا ئەسعەد



.png&w=3840&q=75)