رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشنیازی کردووە نێوەندگیری لەنێوان لایەنەکانی یەمەندا بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە بهێنرێت کە ماوەی نزیکەی یەک دەیەیە بەردەوامە.
فوئاد حوسێن، رۆژی یەکشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دوای سەردانی هاوتا یەمەنییەکەی بۆ بەغدا، دەستپێشخەرییەکەی راگەیاند.
حووسییەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لە ساڵی 2014 دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرت. ساڵێک دواتر، سعودیە هاوپەیمانییەکی سەربازیی پێکهێنا بۆ بەرگریکردن لە حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن لە دژی حووسییەکان.
سەتان هەزار کەس بەهۆی شەڕەکە یان لە ئەنجامی کاریگەری ناڕاستەوخۆی شەڕەکەوە، وەک برسێتی، گیانیان لەدەستداوە. نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی ئەو وڵاتە بە خراپترین قەیرانی مرۆیی جیهان دادەنێت.
تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، ئاگربەستێکی شەش مانگە کە بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیێندرابوو، کۆتاییهات، بەڵام دوای ئەوەش دۆخەکە بە زۆری بە ئارامی ماوەتەوە و هیچ شەڕێکی گەورە رووینەداوە.
لە کۆنفرانسێکی هاوبەش لە بەغدا لەگەڵ ئەحمەد موبارەک، وەزیری دەرەوەی یەمەن، فوئاد حوسێن گوتی: "ئێستا ئاگربەستێکی نافەرمی هەیە. لە راستیدا، جۆرێک لە ئاگربەست هەیە. هیوادارین دۆخەکە سەربکێشێت بۆ گفتوگۆی نێوان هەموو لایەنە یەمەنییەکان."
فوئاد حوسێن هەروەها جەختیکردەوە کە "عێراق ئامادەیە لەم بوارەدا یارمەتیدەربێت. ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەیە. دەتوانین کاریگەریی خۆمان بۆ سەقامگیری و ئاساییش لە یەمەن بەکاربێنین و دەتوانین لەسەر ئاستی هەرێمی کار بکەین."
بەغدا لە ماوەی رابردوودا بەردەوام هەوڵیداوە پەرە بە رۆڵی خۆی بدات بۆ ئەوەی وەک نێوەندگیرێکی هەرێمی دەرکەوێت، هەروەها لە نیسانی 2021ـەوە میوانداریی ژمارەیەک دانوستاندنی نێوان بەرپرسانی ئێران و سعودیەی کرد.
ئاداری ئەمساڵ، تاران و ریاز بە نێوەندگیریی پەکین رێککەوتن دەست بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان بکەنەوە.
وەزیری دەرەوەی یەمەن لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: "بەداخەوە، بۆ ئێستا، هیچ کاریگەریێکی راستەوخۆی ئەو رێککەوتنەمان لەسەر دۆخی یەمەن نەبینیوە. بەڵام هێشتا گەشبینین. بڕوامان وایە کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم جەنگەی یەمەن بهێنرێت."
نیسانی ئەمساڵ، محەممەد جابر، وەک هەوڵێک بۆ "سەقامگیرکردنی" ئاگربەست، باڵیۆزی سعودیە لە یەمەن سەردانی سەنعای کرد. وێڕای ئەوەی هیچ رێککەوتنێک نەکرا، جابر گوتی لایەنە شەڕکەرەکان رژدن لەسەر کۆتاییهێنان بە ململانێکە.



