رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا داوا لە ئێران دەکات دیپلۆماتێکی سوێدیی یەکێتییەکە ئازاد بکات کە 600 رۆژە گیراوە. دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانیش دەڵێت، ئەو کەسە لە دژی ئێران و لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل سیخوڕیی کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 10-12-2023، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، "یۆهان فلۆدێروس بە تۆمەتی هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی وڵات و هاوئاهەنگیی لەگەڵ رژێمی زایۆنی و گەندەڵی دەستبەسەرە".
یۆهان فلۆدێروسی تەمەن 33 ساڵ لە 17-4-2022 کاتێک لە فڕۆکەخانەی تارانەوە لە گەشتێک دەگەڕایەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا. یۆهان خەڵکی سوێدە و بۆ دەزگەی دیپلۆماسیی یەکێتیی ئەوروپا کاردەکات، ئەو 600 رۆژە لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەرکراوە.
رۆژی یەکشەممە، تۆبیاس بلیسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "پێمگوتراوە کە دادگایی یۆهان فلۆدێروس دەستی پێکردووە. هێشتنەوەی یۆهان لە دەستبەسەریدا هیچ بنەمایەکی نییە تا بگاتە دادگاییکردنەکەشی."
هەمان رۆژ، جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "یەکێتیی ئەوروپا بەردەوامە لە داواکردنی ئازادکردنی یۆهان فلۆدێروس. من بەبەردەوامی و لە هەموو شوێنێک ئەو کەیسە دەکەمەوە و لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیش لە پەیوەندیدام".
لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی، بۆرێڵ گوتی، "ئێمە داوای روونکردنەوە و زانیاریی زیاتر لە ئێران دەکەین".
داواکاری گشتیی ئێران رایگەیاند، "ئەو تۆمەتبارە لە کۆکردنەوەی زانیاری لەدژی ئێران و لە بەرژەوەندیی رژێمی زایۆنی چالاک بووە".
مانگی ئەیلوولی 2023 دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاندبوو، "یۆهان تاوانی ئەنجامداوە".
جۆزێپ بۆرێڵ لە وەڵامی ئەوەدا رایگەیاند، "یۆهان بێتاوانە و هیچ بیانووێک نییە بۆ هێشتنەوەی لە زینداندا".

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
