رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، فەرمان بە سەرجەم هێزەکان دەکات هەموو تواناکانیان بخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری وڵاتەکە.
محەممەد باقری، سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران فەرمانی بە سەرجەم هێزەکانی سوپا، پۆلیس و سوپای پاسداران کرد سەرجەم توانا و کەرەستەکانیان بخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوەی هێلیکۆپتەری ئیبراهیم رەئیسی.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 19ـی ئایاری 2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەکاتی گەڕانەوەی لە کردنەوەی بەنداوێکی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان لەسەر رووباری ئاراس، هێلیکۆپتەرەکەی لە ناوچەی وەرزەقان لە دارستانەکانی گیزمار دیار نەما.
لە کاژێر 15:30 ئێوارە بەکاتی هەولێر، گەڕان بەدوای هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران دەستیپێکردووە و بەهۆی چڕی ناوچەکە و تەمومژاویبوون و بارانبارینی چڕ تاوەکو ئێستا تیمەکان نەیانتوانیوە خۆیان بگەیەنن بە شوێنی رووداوەکە.
پێشتر سەرۆکی دەستەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاندبوو: "لە هەموو کەرەستە و تواناکانی سوپای پاسداران، سوپا و هێزەکانی پۆلیس بۆ فریاکەوت و دۆزینەوەی هەلیکۆپتەری سەرۆککۆمار کەڵک وەردەگرین".


.jpg&w=3840&q=75)
