رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری ریفۆرمخوازەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دەڵێت ''کاری لەپێشینەمان لەنێوبردنی ئەو نادادپەروەری و جیاکارییە دەبێت، کە لەم ناوچانەدا هەیە.''
ئەمڕۆ (شەممە، 22-06-2024) مەسعود پزیشکیان، تاکە بەربژێری بەرەی ریفۆرمخوازەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن سەردانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و، بە کوردی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
مەسعود پزیشکیان رایگەیاند، ئەگەر ببێتە سەرۆککۆماری ئێران، کۆتایی بەو دۆخە ''نالەبارە''ـی کوردستان دەهێنێت و دژ بە جیاکاری دەوەستێتەوە.
ئەو بەربژێرەی ریفۆرمخوازەکان گوتی ''ئەگەر وەکو سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێم، رێگە نادەین دۆخی وڵات بەو شێوەیە بێت، کە ئێستا دروستیان کردووە. بێگومان کورد، عەرەب و هەموو ئەوانەی لەم وڵاتەدا دەژین، جیاوازییان نییە و بەپێی لێهاتوویی، لە سەرجەم بوارەکاندا جێگە و پێگەیان پێدەدرێت.''
مەسعود پزیشکیان گوتیشی ''خەڵکی ئێران و ئەوانەی شارەزایی و لێهاتووییان هەیە دەتوانن وڵاتی ئێران رێکبخەنەوە، نەک تەنیا گرووپ و لایەنێک.''
تائێستا سێ دیبەیت لەنێوان بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کراوە. دیبەیتەکان گۆڕەپانی بەریەککەوتن و درووشمدانی بەربژێرەکان بوون، پزیشکیان لەوبارەوە دەڵێت، ''ئەوان [بەربژێری نەریتخوازەکان] چەند کەسن لە بەرامبەر یەک کەسدا. دەبێ لێیان بپرسن کە ئاخۆ تاوەکو کۆتایی دەمێننەوە یان نا، بێگومان کە ئێمە دەمێنینەوە.''
ئەو بەربژێرە وەکو پلانی کاریی خۆی بۆ ناوچە سنوورییەکان ئاماژەی دا، ''کاری لەپێشینەمان لەنێوبردنی ئەو پشتگوێخران و نادادپەروەرییانەیە کە هەیە، مەبەستمانە لەبواری ناوچەیی، هێزی مرۆیی، رەگەزی و ئابووری، جیاکارییەکان نەهێڵین و چارەسەریان بکەین.''
مەسعود پزیشکیان ساڵی 1954 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لەبارەی رەچەڵەکی خۆی لە دانیشتنێکی پەرلەمانی ئێران کە 26ـی شوباتی 2016 بەڕێوەچوو گوتی، ''سوپاسی خودا دەکەم کە منی کردە تورک، کەسیش مافی ئەوەی نییە گاڵتە بە زمان و کولتووری تورک بکات.''
مەسعود پزیشکیان لە هەڵبژاردنی خولی 12ـیەم و 13ـیەمی سەرۆککۆماریشدا خۆی بەربژێر کردبوو، بەڵام لە خولی 12ـیەم بە خواستی خۆی کشایەوە و لە خولی 13ـیەمیشدا شیاوبوونی لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور پەسند نەکرا.
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران، شەش بەربژێر رکابەری یەکدین کە سەعید جەلیلی، محەممەدباقر قالیباف، عەلیڕەزا زاکانی، مستەفا پوورمحەممەدی و ئەمیرحوسێن قازیزادە بەربژێری نەریتخوازەکانن و مەسعود پزیشکیانیش تاکە بەربژێری ریفۆرمخوازەکانە.



