رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران کە هاوکات پزیشکێکی شارەزایە، لە تەورێز، نەشتەرگەریی دڵی بۆ دوو نەخۆش کرد.
بەگوێرەی میدیای ئێرانی، دوێنێ پێنجشەممە 22-05-2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کە هاوکات پزیشکێکی دیاری تایبەت بە نەخۆشییەکانی دڵە، جارێکی دیکە لە شاری تەورێزی ئێران جلوبەرگی پزیشکی لەبەرکردەوە و لە ژووری نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی ''شەهید مەدەنی''ـی شارەکە، نەشتەرگەریی دڵی بۆ دوو کەس کرد، کە ژیانیان لە مەترسیدا بوو.
ئەو دوو کەسەی پزیشکیان نەشتەرگەریی بۆ کردن، پیاوێکی تەمەن 46 ساڵ و ژنێکی تەمەن 36 ساڵ بوون.
نەخۆشخانەکە لەدوای نەشتەرگەرییەکان رایگەیاند، دۆخی نەخۆشەکان "جێگیرە".
مەسعود پزشکیان، بەرلەوەی ببێتە نوێنەری پەرلەمانی ئێران و سەرۆککۆمار، چەندین ساڵ وەکو پزیشکی نەشتەرگەریی دڵ لە ناوەندە چارەسەرییەکانی ئێران کاریکردووە.
پزیشکیان ساڵی 1990 پسپۆڕی لە نەشتەرگەریی گشتی لە زانکۆی تەورێز وەرگرتووە. ساڵی 1993 پسپۆڕیی نەشتەرگەریی دڵی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران وەرگرتووە و لە نەخۆشخانەی ''شەهید مەدەنی''ـی شاری تەورێز دەستی بە کارکردن کردووە. ماوەیەک بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش بووە.


.webp&w=3840&q=75)