رووداو دیجیتاڵ
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ناوەندی بوومەلەرزەزانیی وڵاتەکە باس لە روودانی بوومەلەرەزەیەک بە گوڕی 2.5 پلەی رێختەر لە پارێزگای قوم دەکات کە چەقەکەی 70 کیلۆمەتر لە دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ دوورە.
بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئێران، شەوی یەکشەممە، 15-06-2025، کاژێر 23:35 خولەک (23:05 خولەک بەکاتی هەولێر) بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 2.5 پلەی رێختەر لە پارێزگای قوم روویداوە.
بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر بووە و چەقەکەی شاری جەعفەرییەی سەر بە پارێزگاکە راگەیێندراوە کە بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ دوورە.
بوومەلەرزەکە لەکاتێکدایە کە چوار رۆژە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە و دوێنێ شەو چەندین جار هێرشکراوەتە سەر بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگاکەش.
ئامانجی سەرەکیی تەلئەڤیڤ لە هێرشەکەدا، لەنێوبردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانە و بەپێی راپۆرتێکی ئەکسیۆس، ئیسرائیل داوای یارمەتیی ئەمریکای کردووە بۆ لەنێوبردنی دامەزراوەی ژێرزەوینیی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ، کە رەنگە لە دەرەوەی توانای سەربازیی ئیسرائیل بێت بە تەنیا ئەنجامی بدات.
پێشتر ئەکسیۆس بڵاویکردبووەوە، ترەمپ بەم دواییانە بە بنیامین نەتەنیاهوی راگەیاندووە، ئەمریکا بیر لە هێرشکردنە سەر دامەزراوەی فۆردۆ دەکاتەوە ئەگەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە پێویست بێت بۆ رێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە؛ بەڵام کۆشکی سپی بە فەرمی رەتیکردووەتەوە کە ترەمپ بیر لە هێرشی ئەمریکی بۆ سەر ئێران بکاتەوە و رایگەیاندووە، ئێستا کاتی ئەنجامدانی هێرش نییە.

.jpg&w=3840&q=75)

