رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 21-06-2025 بە درۆن هێرش کرایە سەر باڵەخانەیەک لە قوم. بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکان لە پارێزگاکە، لەوبارەوە رایگەیاند، نهۆمی چوارەمی باڵەخانەکە لە گەڕەکی سالارییەی ناوەندی قوم کراوەتە ئامانج، کە لە ئەنجامدا هاووڵاتییەکی تەمەن 16 ساڵ و کەسێکی دیکە کوژراون.
هاوکات مورتەزا حەیدەری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکان لە پارێزگای قوم ئاماژەی بەوە کرد، هەر لە هێرشەکەدا چوار کەسی دیکە بە سەختی بریندار بوون و گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
تاوەکو ئێستا نازانرێت کێ لە باڵەخانەکەدا بووە، بەڵام ئێران دەڵێت هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر بۆسەر شوێنی نیشتەجێبوون یان نەخۆشخانەکانن.
لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، "ئامانجدار" هێرش دەکاتە سەر ئەو باڵەخانانەی شوێنی مانەوەی زانایانی ئەتۆمی یان فەرماندە سەربازییەکانن.
دوێنێش ئیسرائیل بە هەمان شێوە هێرشی کردە سەر باڵەخانەیەک لە ناوەندی تاران و گوتی، زانایەکی ئەتۆمی کراوەتە ئامانج.
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە 13ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

.jpg&w=3840&q=75)

