رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران هەواڵی کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران رەتدەکاتەوە، کە پێشتر ژمارەیەک لە ماڵپەڕە ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردبووەوە.
شەوی هەینی 10-10-2025 دەنگۆی کوژرانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی گشتیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە کۆمەڵێک ماڵپەڕی ئیسرائیلی بڵاوکرایەوە، بەڵام هەر زوو هەواڵەکە لەلایەن میدیای ئێرانییەوە رەتکرایەوە.
ئاژانسی تەنسیمی نزیک لە سوپای پاسداران یەکێک لەو ئاژانسە هەواڵدەرییانە بوو کە راپۆرتێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ''ئامانج لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی تیرۆرکردنی ئیسماعیل قائانی، جەنگی دەروونییە، بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە پڕۆژەکانی مۆساد بدەن.''
یەکەم جار هەواڵی تیرۆرکردنەکە لە ماڵپەڕێک بەناوی ''تیرۆر ئەلارم'' بڵاوکرایەوە، کە بەگشتی هەواڵی کوژرانی سەرکردەکانی ''بەرەی موقاوەمە'' و فەرماندەکانی سوپای پاسداران بڵاودەکاتەوە.
تاوەکو ئێستا چەندین جار دەنگۆی کوژرانی ئیسماعیل قائانی بڵاوبووەتەوە، لەوانەش دوای هێرشی رۆژی 27-09-2024ی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت کە تێیدا هاشم سەفیەدینی، جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵا کرایە ئامانج؛ هەروەها لە 13ی حوزەیرانی 2025 کە جەنگی 12 رۆژەی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ دەستیپێکرد و ئیسرائیل ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.
بەگوێرەی تەسنیم، ئیسماعیل قائانی هەفتەی رابردوو لەبارەی زۆریی دەنگۆکان بۆ تیرۆرکردنی رایگەیاندووە: ''هەواڵی تیرۆری من بڵاو دەکەنەوە، بۆ ئەوەی هاوڕێیان بەپەرۆش بن، پەیوەندیی تەلەفۆنیم پێوە بکەن، ئینجا ئەوانیش بتوانن [بە مەبەستی تیرۆرکردن] بە وردی شوێنەکەم بدۆزنەوە.''
دوای جەنگی 12 رۆژەی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ، بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنیی ئێران، بەکارهێنانی مۆبایلیان بە هۆکاری دۆزینەوەی شوێنی بەرپرسانی سەربازی و زانا ئەتۆمییەکان، هەروەها بەئامانجگرتنیان لەلایەن ئیسرائیلەوە زانی، بۆیە هۆشدارییان بە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، پەرلەمان و فەرماندە سەربازییەکان دا کە لە کاتی کۆبوونەوەکاندا مۆبایل بەکارنەهێنن.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
