رووداو - کەمپی حەسەن شام
پێنج ئەندامی خێزانێکی ئاوارەی موسڵ، کە لە کەمپی حەسەن شام نیشتەجێن نابینا، هەریەکەیان خەونێکی هەیە لە ژیاندا، بەڵام چاویان گەورەترین بەربەستە لەبەردەم هێنانەدیی خەونەکانیان.
سەڵاح تەمەنی 41 ساڵە و منداڵی گەورەی ئەرسەلانە، ئەو ئێستا لە ئاوارەییدا لەنێو کەمپ دەژی، دەڵێ ئاواتی ئەیەوە ژن بهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی چاوەکانی نابینن، کەس ئامادە نییە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات.
فەتحیی برای سەڵاحە و تەمەنی 27 ساڵە، بەهەمان شێوەی براکەشی نابینایە، هەرچەندە هەموو ئایەتەکانی قورئانی لەبەرە و دەنگی خۆشە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت رێگەی پێنادەن لە کەمپەکەدا بانگ بدات.
ئەرسەلان لە ساڵی 1972ـدا لەگەڵ کچی خاڵی خۆی ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، بەیەکەوە هەشت منداڵیان بوون، بەڵام سێیان مردوون و هەرپێنجی دیکەیان چاویان نابینایە، جگە لەوەش یەکێکیان شەلەلی دەماغــە.
ئەرسەلان هەمیشە بەهۆی رەوشی منداڵەکانی خەمبارە، لەگەڵ ئەوەشدا سوپاسی خوا دەکات و هیوادارە رۆژێک لەرۆژان بتوانێت لە هەولێر بژی و، چاوی منداڵەکانی چاک ببنەوە و ببنە خاوەن ژن، ئەویش نەوەکانی خۆی بەچاوەکانی خۆی ببینێت.
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار



