رووداو - هەولێر
بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک زیاتر لە 100 دووکانی بازاڕی کوردستانی هەولێر سووتان، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە و زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاریش زیانی هەبووە.
باخچەیەکی گشتی 10 ساڵە کراوەتە بازاڕ، بازاڕەکە لە نێوەڕاستی گەڕەکی کوردستانی شاری هەولێرە و کەوتووەتە ژێر هێڵێکی گواستنەوەی کارەبای نیشتمانی، شەوی رابردوو بەهۆی شۆرتی کارەباوە بەشێکی بازاڕەکە سووتا.
شایەتحاڵێک لە شوێنی رووداوەکە دەڵێت: "کاژێر 12:00ی شەوی رابردوو بوو من لێرە بووم، ئاگرەکە دووکانێکی کەمالیاتەوە دەستیپێکرد کە دەکەوتە ژێر عاموودەکە، ئاگرەکە کەوتە سەر دووکانەکە و دواتر لە دووکانەکەوە گەورە بوو، بەرەبەرە تا نیوەی بازاڕەکە هات، دەستبەجێ ئاگرکوژێنەوە هاتن، بەڵام نەیانتوانی کۆنترۆڵی بکەن، تا گەورەتر بوو و ژمارەیەکی زۆری دووکانەکانی سووتاندن".
بەهۆی ئاگرەکە زیاتر لە 100 دووکان سووتاون کە هەر یەکێکیان وەک خۆیان دەڵێن بە بڕی نزیکەی بیست هەزار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، زیانێک کە لەم باروودۆخە خراپەی داراییدا، حکومەتیش ناتوانێت قەرەبوویان بکاتەوە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە رووداوی گوت: "پێش قەیرانی دارایی حکومەت قەرەبووی هەموو رووداوێک و هاونیشتمانیانی دەکردەوە، بەڵام ئێستا ئەو توانایەی نییە، بەڵام ئەم بازاڕە شوێنەکەی زۆر خراپە، بۆیە بیر لەوە دەکەینەوە شوێنەکەی بگوازینەوە و ئەوێ بکرێتەوە باخچە".
10 تیمی بەرگریی شارستانی بە 25 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە زیاتر لە 5 کاژێر سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بوون ئینجا کۆنترۆڵیان کرد، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی بەدواداچوون بۆ هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەرکەوت راکێشانی هێڵی کارەبای نایاسایی بژاردەی یەکەمە بۆ رووداوەکە.
عەمید شوان، بەرێوەبەری بەرگریی شارستانی هەولێر بە رووداوی گوت: "دوای ئاگادارکردنەوەمان ئێمە توانیمان بگەینە شوێنی رووداوەکە، بە هەموو ئۆتۆمبێلەکانمان لە کاژێر ی شەوی 12:00 ی شەوی رابردوو تاوەکو 05:00ی بەیانی سەرقاڵ بووین تا کۆنترۆڵمان کرد، بەڵام رووداوەکەش دیارە کە لێرە هەزار هێڵی کارەبای نایاسایی راکێشراوە، ئەم بازاڕەش سەری بە نایلۆن و تایە داپۆشراوە، بۆیە بە پچڕانی وایەرێک گڕدەگرێت".
لەسەرەتای دروستبوونی، ژمارەی دووکانەکانی ئەم بازاڕە 480 دووکان بوون، بەڵام ئێستا بازاڕەکە فراوانبووە و زیاتر لە 600 دوکانی تێدایە.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح



