رووداو دیجیتاڵ
لە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی رۆژی شەممە لە شاری سنە، چوار کەس گیانیان لەدەستدا. کەسوکاریان دەڵێن، محەممەد ئەمینی، یەحیا رەحیمی، داریوش عەلیزادە و پەیمان منبەری بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون.
دایکی پەیمان منبەری، یەکێک لەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکاندا کوژرا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا داوا دەکات، خەڵک تۆڵەی کوڕەکەی بکەنەوە.
پەیمان منبەری تەمەنی 25 ساڵ بوو، خەڵکی گوندی نییەری مەریوان و نیشتەجێی سنە بوو. لە دوایین پۆستی ئینستاگرامیدا دەڵێت، تاوەکو گەیشتن بە رزگاری، درێژە بە ناڕەزایەتی دەدەن.
جیاوازیی خۆپێشاندانەکەی رۆژی شەممە ئەوە بوو کە لە رۆژدا کرا، پێشتر ئەگەر شەوان، دەڕژانە سەرشەقام، ئەمجارە بە رۆژی رووناک و لە بەیانییەوە دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین کرد. ناڕەزایەتییەک کە بە تەقەی هێزەکانی ئێران، خوێناوی کرا.
لە خۆپێشاندانەکانی سنەدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا. یەکێکیان گەنجێكە بە ناوی داریوش عەلیزادە کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا کرایە ئامانج.
شایەتحاڵان دەڵێن، ئەو بە هۆڕن لێدان بەشداری لە ناڕەزایەتیدا کردبوو. دایکیشی لە پەیامێکی کورتدا داوای لە خەڵک کردووە، لە جێگەی سەرەخۆشی، درێژە بە ناڕەزایەتی بدەن.
لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تاوەکو ئێستا لانیکەم 29 کورد گیانیان لەدەستداوە. پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئێران، بەرپرسیارێتیی کوشتنی ئەو کەسانە لە ئەستۆ ناگرن و دەڵێن، لەنێو خۆپێشاندەرانەوە تەقەیان لێدەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا چەک بە دەستی خۆپێشاندەرانەوە نەبینراوە.


