رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک دوایین یاریی خۆی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ئەنجامدەدات و لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی دیالە دەبێتەوە.
یارییەکە دەبێتە دەستپێکی رکابەرییەکانی دوایین گەڕی خولەکە، دهۆک دوور لە هاندەرانی ماڵئاوایی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات و خولەکە بۆ ئەو یانەیە کۆتایی دێت.
دهۆک دوای ئەوەی ساڵی رابردوو دوو نازناوی لەسەر ئاستی ناوخۆ و کەنداو بردەوە، لەم وەرزەدا نەیتوانی ئاستێکی بەرز پێشکێش بکات و رووبەڕووی بەربەستی زۆر بووەوە، بەو هۆیەشەوە یانەکە لەڕووی ئەنجامەوە پاشەکشەی زۆری کرد و نەیتوانی هاندەرانی دڵخۆش بکات.
ئەلهویێن چیا لەو 37 یارییەی تاوەکو پێش گەڕی کۆتایی ئەنجامیداون، 13 یاریی بردووەتەوە، 13 جار دۆڕاوە و لە 11 یارییدا یەکسانبووە.
یانەی دهۆک لەم وەرزەدا 50 خاڵی کۆکردووەتەوە و ئێستا لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
دهۆک لە دوایین 3 یارییدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ بە سێ خاڵەوە ماڵئاوایی لەم وەرزە بکات.
ئەمە دوایین یاریی ئەحمەد خەلەف دەبێت وەکو راهێنەری یانەی دهۆک، کارگێڕیی یانەکە بڕیارییداوە 50 تاوەکو 60 لە سەدی یانەکە بۆ وەرزی داهاتوو گۆڕانکاریی تێدا بکات و یاریزانی نوێ بگوازێتەوە.

