رووداو- hurriyet
ئێوارەی ئەمڕۆ ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD لە رێگەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە گەیشتە ئەستەنبۆڵ.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی حوریەت، ساڵح موسلیم ئێوارەی ئەمڕۆ كاژێر 16:30 لە رێگەی نووسینگەی ئەتڵەس جێت، لە هەولێرەوە بەرەو ئەستەنبۆڵ سەفەری كردووە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە "سەردانەكەی موسلیم بە نهێنی بووە و دوای ئەوەی لە فڕۆكە دابەزیوە بە ئۆتۆمبێلێكی تایبەت گوێزراوەتەوە شوێنێكی نادیار و شوێنی مانەوەی نازانرێ".
بە گومانی ئەوەی پارتی یەكێتی دیموكراتی، باڵی پارتی كرێكارانی كوردستانە لە رۆژئاوا، توركیا لەسەر زاری بەرپرسانییەوە دژایەتی خۆی بۆ هەوڵەكانی ئەو پارتە راگەیاندووە، لای خۆیشیەوە PYD دەوڵەتی توركیا بە هاوكاریكردنی جەبهەی نوسڕە تۆمەتبار دەكات كە چەند مانگێكە لەناوچەی سەرێ كانیێ و گرێ سپی رووبەڕووی هێزەكانی پاراستنی گەل بوونەتەوە.



