رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی هیلالی سعودیە، دەستەوارەی فەرمی پێشکەشی عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کردووە، بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی لەماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵ.
میدیای سعودیە گوتوویانە، هیلال دانوستاندنی راستەوخۆی لەگەڵ عوسمان هەبووە، ئەوەش وەک بەشێک لە پلانی یانەکە بۆ بەهێزکردنی هێڵی پێشەوە بەیاریزانێکی ئەستێرە.
سەرچاوەکان ئەگەرچی بڕی دەستەوارەی هیلالیان بۆ براوەی باڵۆندۆری وەرزی رابردوو رانەگەیاندووە، بەڵام باسی ئەوەیان کردووە کە دەستەوارەکە، پارەیەکی سەرنجڕاکێش لەخۆ دەگرێت.
هەمان ئەو سەرچاوانە دەڵێن، هیلال دەیەوێت هێڵی پێشەوەی خۆی دابڕێژێتەوە، هەر بۆیە لەگەڵ دانوستاندن لەگەڵ دێمبێلێ، بڕیاری رۆیشتنی ماڵکۆمی هێرشبەری بەرازیلیی یانەکەیداوە، لەماوەی داهاتوودا.
هیلال ئەگەرچی لە رووی ژمارەوە، وەرزی ئەمساڵی ناوازەبوو، بەڵام نەیتوانی نازناوی خولی سعودیە بەدەست بهێنێت، ئەگەرچی بەدرێژایی وەرزەکە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاند.
رۆژنامەی 'ئەلیەوم' لای خۆیەوە بڵاویکردووەتەوە، یانەی هیلال ئامادەیە مووچەی 200 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە بداتە ئەو هێرشبەرە فەرەنسییە و گرێبەستەکەی تاوەکو 2030 بێت.
وەک ئەو رۆژنامەیە دەڵێ، هیلال وەک پشتگیرییەکی هێرشبەرییانەی هێڵی پێشەوە تەماشای دێمبێلێ ناکات، بەڵکو ئەوان وەک سەرکردەی قۆناخی داهاتووی تیپەکە سەیری ئەو یاریزانە دەکەن، بەتایبەت کە هیلال دەیەوێت لە مۆندیالی داهاتووی یانەکان، رکابەرییەکی سەرسەختانە لەسەر نازناوەکە بکات.
هەمان ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە، هەوڵی هیلال بۆ بەدەستهێنانی دێمبێلێ، لەسەر داوای سیمۆنی ئینزاگی راهێنەری یانەکەیە کە داوای هێرشبەرێکی کوالیتی بەرز و گەورەی کردووە.




