رووداو دیجیتاڵ
بەپێچەوانەی سرووشتیی خۆی، لیۆناردۆ سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی دۆستانەیان بەرامبەر ئایسلاند زۆر تووڕە بوو، رەتیکردەوە ئەو هیچ بڕیارێک بەبێ گەڕانەوە بۆ لای لیۆنێل مێسی نادات و گوتی "قسەکانی منیان گۆڕیوە".
بەر لە چەند رۆژێک میدیاکان بڵاویانکردەوە کە سکالۆنی گوتوویەتی "هیچ بڕیارێک نادەم تاوەکو نەگەڕێمەوە لای مێسی و راوێژی پێنەکەم".
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی دۆستانەیان بەرامبەر ئایسلاند، لە سکالۆنییان پرسی تۆ ئەو قسەیەت کردووە؟ ئەویش تووڕە بوو، لە وەڵامدا گوتی "چەند رۆژ لەمەوبەر گوتم هەموو ئەو شتانەی پەیوەندیدار بە مێسییەوە لەگەڵی باس دەکەم، بەڵام دەزگایەکی راگەیاندنی بیانی قسەکانی منی شێواند و راشیگەیاند که من هیچ بڕیارێک نادەم بەبێ راوێژی لیۆنێل مێسی".
ئەو زیاتر گوتی "ئەو پرسیارەیان لە راهێنەری پۆرتوگال کرد، ئەویش لەبەرئەوەی ئاگاداری ناوەڕۆکەکە نەبوو، گوتی ئەوان بەشێوازێکی جیاواز کاردەکەن، بەڵام دڵنیام ئەو بەهەمان شێوەی من کار لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات و سەبارت بەڕەوشی خۆی قسه دەکات و دواتر راهێنەر پێکهاتەکەی هه ڵدەبژێرێت".
ئەو گوتیشی "من زۆر گرنگی پێنادەم. بەڵام بە گرنگم زانی بۆ لیۆ روون بکەمەوە. ئەوەم بەدڵ نەبوو که بڵاوکرایەوه دەزگایەکی راگەیاندنی ئەرجەنتین بوو، ئەوەش منی نیگەران کرد".
راهێنەری تانگۆ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "هیوادارم ئەوە تەنیا هەڵەتێگەیشتنێک بووبێت، ئەگەر هەواڵەکەیان سڕیبیەتەوه، ئەوان چاکەیەکی گەورەیان لەگەڵ من دەکرد وە بەتایبەتی بۆ لیۆ. بەدرێژایی ئەو ساڵانەی کە لێرە بەسەرم بردووە، مێسی یەک وشەی لەبارەی تیپەکەوە بە من نەگوتووە".
هەروەها دووپاتیکردەوە "هەموو شتێک لەگەڵ ئەو باس دەکەم، بەڵام هەرگیز ماندوو نابم لە دووبارەکردنەوەی ئەوەی کە ئەو هەرگیز پێی نەگوتووم کێ دەبێت یاری بکات یان هەر شتێک دەربارەی تیپەکە، تەنانەت پێویست ناکات ئەوە روونیش بکەمەوە".




