رووداو دیجیتاڵ
عومەر ئەرتان، ئەو ناوبژیوانە سۆماڵییەی ئەمریکا ڤیزای پێنەدا و رێگەی نەدا بۆ مۆندیال بچێتە ئەو وڵاتە، گەڕایەوە وڵاتەکەی و وەکو سیمبولێکی نیشتمانی پێشوازیی لێکرا.
ناوبژیوانەکە پاسپۆرتی دیپلوماسیی هەبوو و چووە تورکیا، بۆ ئەوەی لەوێ بچێتە ئەمریکا و وەکو یەکەم ناوبژیوانی سۆماڵی یارییەکی مۆندیال بەڕێوەببات، لەوێشەوە چووە مەیامی بەڵام بەبێ ئەوەی هۆکاری سەرەکیی ئاشکرا بکرێت، ئەمریکا رێگریی لە چوونی ئەو ناوبژیوانە بۆ وڵاتەکەی کرد، بەمەش ناوبژیوانەکە لە بەڕێوەبردنی یاریی گەورەترین پاڵەوانێتی جیهان بێبەشکرد.
عومەر بە دڵتەنگییەوە گەڕایەوە مەقادیشۆ و لەوێ دەیان هاندەر پێشوازییان لێکرد و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ناوبژیوانەکە دووپاتکردەوە و ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا لە بەرامبەر ناوبژیوانەکە پێشاندا.
دەستەی گومرگ و پاراستنی سنوورەکانی ئەمریکا، هۆکاری رێگەنەدان بە عرتنی بە رستەیەک روونکردووەتەوە و دەڵێ، "کیشەی لە چێککردنەوەی باکگراوند"یدا هەبووە.
عەلی عەبدی محەممەد، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سۆماڵ دەڵێت "ئەرتان مافی ئەوەی بەدەستهێنابوو کە لە بەرزترین ئاستدا ناوبژیوانی بکات، بەڵام بێبەشکرا و ئەوەش کاریگەریی لەسەر هەموو ناوەندە وەرزشییەکانی سۆماڵ دەبێت".
ئەم ناوبژیوانە 34 ساڵە یەکێکە لە باشترین ناوبژیوانەکانی ئەفریقا و وەک باشترین ناوبژیوانی پیاوی کیشوەرەکە لە ساڵی 2025 دەستنیشان کرابوو.
رۆژی شەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی میامی بەهۆی "نیگەرانیی وردبینی و پشکنین" رێگەی پێنەدرا بچێتە ناو خاکەکەوە.
دەیڤد ئایبی، سەرۆکوەزیری هەرێمی بریتش کۆڵۆمبیا کە یەکێک لە گەورەترین هەرێمەکانی کەندایە رایگەیاند، پێشوازی لە ناوبژیوانە سۆماڵییەکە دەکەن، دوای ئەوەی ئەمریکا رێگەی نەدا بچێتە ئەو وڵاتە.




