رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتین و دوای تۆمارکردنی هاتریک لە یەکەم یارییدا لە مۆندیالی 2026 دەڵێت "گرنگی بە ئامارە تاکەکەسییەکان نادەم و ئەمانە تەنیا ئامارن".
مێسی دوای ئەوەی سێ گۆڵی بەرامبەر جەزائیر تۆمارکرد، گۆڵەکانی لەگەڵ میرۆسلاڤ کلۆزە یەکسانکردەوە و بە 16 گۆڵ بووە گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال لەو بارەیەوە گوتی "لە کۆتاییدا ئەمانە تەنیا ئامارن و هیچی دیکە. هەرچەندە جێگەی شانازییە کە بتوانیت کێبڕکێ لەگەڵ هەموو ئەو یاریزانانەدا بکەیت، بەڵام ئەمە هیچ مانایەکی تایبەتی نییە. بۆ من، رۆناڵدۆی دیاردە، بەپێی ئەوەی بینیومە، یەکێک بووە لە مەزنترین یاریزانەکان، لە کاتێکدا ئەو لە ریزبەندی یەکەمی گۆڵکاراندا نییە. بۆیە ئەمە تەنیا ئامارێکە."
مێسی زیاتر دەڵێت "بێگومان شانازییەکی گەورەیە لەوێ بیت، بەهۆی ئەوەی ئەو شوێنە چ مانایەک دەگەیەنێت؛ ئەوەی لە تەنیشت کلۆزە بیت، یان هەر کەسێکی دیکە، یان ئەوەی رۆناڵدۆ لەوێ بێت، بەڵام پێم وا نییە مانایەکی زۆری هەبێت، وایە؟ ئێمباپێش هەروەها، کە ئەمرۆ دوو گۆڵی تۆمارکرد."
لیۆ هێشتا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "من حەزم لە یاریکردنی تۆپی پێیە، ئەمە هەر لە منداڵییەوە خولیای من بووە و کاتێک هەست بە باشی بکەم هەموو توانای خۆم دەبەخشم. ئێستا سەیری زنجیرە فیلمەکەی رافا نادال دەکەین و من زۆر هەست دەکەم لەو دەچم. لەو رووەوە زۆر لە یەک دەچین؛ هەمیشە دەمەوێت باشترینی خۆم پێشکەش بکەم، هەمیشە دەمەوێت هەست بە باشی بکەم و بەو شێوەیە چێژی لێ دەبینم. تاکو ئەو کاتەی بتوانم و لە بارودۆخێکی جەستەیی باشدابم، لەوێ دەبم و بەردەوام دەبم."
ئەستێرەکەی تانگۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئێمە ئەزموونی مۆندیالی رابردووشمان هەبوو و لەم مۆندیالەدا ئەوە روون دەبێتەوە کە کەس هیچت بە دیاری پێ نادات. ئەمە مۆندیالێکی زۆر پڕ ململانێیە، هەموو هەڵبژاردەکان بەهێزن، شێوازی کارکردنی خۆیان هەیە، هەموویان بە باشی ئامادەکراون و هەر یارییەک زۆر هاوسەنگ و بەهێز دەبێت. زۆر تیپ هەن کە لە رووی جەستەییەوە زۆر بەهێزن، سەرباری ئەوەش بە باشی یاری دەکەن و لێکۆڵینەوەت لەسەر دەکەن؛ بە راستی هەموو شتێک زۆر لە یەکەوە نزیکە."
پاڵەوانی جیهان باس لە ئەزموونی خۆی دەکات و دەڵێت "وەک هەمیشە دەیڵێم، هەموو ئەوانەی ئێستا ئەزموونی دەکەم تەنها دیارییەکی زیادەیە . من ئەوەندە بەبەخت بووم کە هەموو خەونەکانم لە ئاستێکدا، یان تەنانەت زیاتر لەوەی خەیاڵم دەکرد، بەدیهێنا؛ چ وەک تاک و چ وەک بەشێک لە تیپ. ئەمڕۆ چێژ لەوە دەبینم کە بەشێکم لە گروپێکی جوان، هەست بە باشی دەکەم و ئەوەندە بەبەختم کە دەتوانم لە ناو یاریگادا بەو شێوەیەی هەمیشە حەزم لێبووە چێژ ببینم. هەر ئەوەیە، بە راستی هەموو ئەوانەی ئەزموونم کردوون زۆر زیاترن لەوەی کە لە منداڵیدا خەیاڵم بۆی دەچوو."
لەبارەی ئاستی ئەرجەنتینەوە مێسی یەکگرتوویی تیپەکەی دووپاتکردەوە و گوتی "تیپەکە لە هەموو کاتێک زیاتر یەکگرتووە و بەهێزە. پێم وایە ئەمە لە هەموو یەکەیەکی مەشق و راهێنان و هەموو یارییەکی دۆستانەدا کە ئەنجامی دەدەن، دەردەکەوێت. ئەمە گروپێکە کە کێبڕکێ دەکات، هەمیشە زیاتری دەوێت و دەجەنگێت؛ هەندێک جار باشتر و هەندێک جار خراپتر، بەڵام ئارەزووی کێبڕکێکردن و هەمیشە هەوڵدان بۆ بوون بە باشترین هەمیشە بوونی هەیە. بە راستی، ئەمە تیپێکە شایەنی هەموو ئەمانەیە."



