رووداو دیجیتاڵ
دوای تۆمارکردنی یەکەم گۆڵی لە مۆندیالی 2026، لیۆنێل مێسی کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نەیتوانی رێگری لە فرمێسکەکانی بکات و گریا، هۆکاری ئەو گریانە بۆ تێکچوونی باری تەندروستیی خۆرخی مێسی باوکی دەگەڕێتەوە.
لە یەکەم یاریی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2026 بەرامبەر هەڵبژاردەی جەزائیر لە ئەمریکا، لیۆنێل مێسی توانی هاتریک تۆماربکات و هەڵبژاردەکەی بە ئەنجامی 3-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام ئەوەی سەرنجی میدیاکانی جیهانی راکێشا، گریانی مێسی بوو دوای تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو ئەستێرە تەمەن 38 ساڵە بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی باوکییەوە لە دۆخێکی دەروونیی خراپدایە. خۆرخی مێسی باوکی لیۆنێل کە تەمەنی 68 ساڵە، تەنیا باوکی نییە، بەڵکو بەڕێوبەرەی کار و سەرپەرشتیاری هەموو کارە بازرگانییەکانی کوڕەکەشیەتی.
مێسی دوای یارییەکە لەبارەی فرمێسکەکانی نێو یاریگە گوتی "بەراستی ئەمە پەیوەندی بە وەرزشەوە نییە. چەند رۆژێکی زۆر قورس و ئاڵۆزمان تێپەڕاند".
میدیای ئەرجەنتین وردەکاری زیاتریان لەسەر نەخۆشییەکەی خۆرخی مێسی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، باوکی مێسی ماوەی چەند مانگێکە و لە ساڵی رابردووەوە باری تەندروستی جێگیر نییە، بەڵام لەم هەفتەیەدا دۆخی خراپتر بووە، ئەوەش مێسی خستووەتە ناو ململانێیەکی دەروونیی قورسەوە.
باوکی مێسی لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بەهۆی جەڵتەوە گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و چەندین پشکنینی کۆئەندامی دەمار و دڵ و خوێنەبەرەکانی بۆ کراوە، بەڵام خێزانەکەی تاوەکو ئێستا نەیانویستووە بە فەرمی جۆری نەخۆشییەکەی رابگەیێنن و بە نهێنی هێشتوویانەتەوە.
مێسی کە ئێستا گۆڵکاری مۆندیالە، پەیوەندییەکی زۆر تووندی لەگەڵ باوکی هەیە و هەموو کارەکانی ژیانی وەرزشی و بازرگانیی ئەو لە رێگەی باوکییەوە بەڕێوەدەچێت.




