رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەمریکا دوای بردنەوەی لە ئوسترالیا بە ئەنجامی 2-0، بە فەرمی گەیشتنی بە قۆناخی 32ـی مۆندیال مسۆگەر کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کریستیان پۆلیسیچ بەهۆی پێکانەوە بەشداریی نەکرد و هەڵبژاردەکە مێژوویەکی ساڵی 1930ـی دووبارە کردەوە.
لە یاریگەی لوومێن فیڵد لە شاری سیاتڵ و لەبەردەم 66925 هاندەردا، هەڵبژاردەی ئەمریکا توانی بەسەر ئوسترالیا سەربکەوێت. ستافی راهێنەرایەتی ئەمریکا بە سەرکردایەتی ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، پێش یارییەکە تووشی گرفت بوون بەهۆی پێکانەکەی کریستیان پۆلیسیچ لە ماسوولکەی قاچیدا، بەڵام پلانە نوێیەکەی راهێنەرەکە سەرکەوتووبوو.
پۆچێتینۆ بۆ یەکەمجار لە کاروانی خۆیدا وەک راهێنەری ئەمریکا، بە دوو هێرشبەر یاریی کرد و فۆلارین بالۆگون و ریکاردۆ پێپی پێکەوە لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوون. لە خولەکی 11 بالۆگون بە لێهاتوویی خۆی تۆپێکی ئاراستەی ناوچەی سزای ئوسترالیا کرد و کامێرۆن بێرگێسی بەرگریکاری ئوسترالیا بە هەڵە گۆڵی یەکەمی بۆ ئەمریکا تۆمارکرد.
لەلایەکی دیکەوە، ئەلێکس فریمەنی تەمەن 21 ساڵ، کە یاریزانی یانەی ڤیاریالە، گۆڵی دووەمی بە لێدانی سەر تۆمارکرد. فریمەن لەم یارییەدا ئاستێکی بەرزی پێشکێش کرد و دوای گەڕانەوە بۆ ڤار گۆڵەکەی بۆ هەژمارکرا،
ئەم سەرکەوتنە مێژووییە، چونکە یەکەمجارە لە دوای مۆندیالی 1930ـەوە هەڵبژاردەی ئەمریکا بتوانێت دوو یاری لەسەریەک لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بباتەوە. هاندەرانی شاری سیاتڵ کە شارەکەیان بە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی تۆپی پێ لە ئەمریکا دادەنرێت، کەشێکی پڕ لە جۆشوخرۆشیان بۆ یاریزانەکان دروست کردبوو.
هەڵبژاردەی ئەمریکا ئێستا گەیشتنی بە قۆناخی 32 مسۆگەر کردووە. ئەگەر لە یاری داهاتوودا بەرامبەر تورکیا لە رۆژی 26ـی مانگ یەکسان بێت یان بباتەوە، وەک پێشەنگی کۆمەڵەکەی سەردەکەوێت. ئەمەش هەلێک دەداتە راهێنەر بۆ ئەوەی پشوو بە یاریزانە سەرەکییەکانی وەک تایلەر ئادامز، ئانتۆنیۆ رۆدریگێر و فۆلارین بالۆگون بدات کە کارتی زەردیان هەیە و مەترسی سڕکردنیان لەسەرە.




