رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئیسپانیا سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد و بە چوار گۆڵی بێوەڵام شکستی بە سعودیە هێنا، لەو یارییەی کە ئێوارەی
ئەمڕۆ یەکشەممە لە چوارچێوەی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی جیهانی 2026 بەڕێوەچوو.
ئاهەنگی گۆڵەکانی ماتادۆرەکان لە خولەکی 10ـدا دەستیپێکرد، کاتێک لامین یامال سوودی لە پاسێکی نێو ناوچەی سزا وەرگرت و بەبێ هیچ گوشارێک تۆپەکەی خستە نێو تۆڕی گۆڵەوە.
دواتر ئۆیارزابال بووە ئەستێرەی یارییەکە و لە خولەکەکانی 21 و 24 دوو گۆڵی لەسەریەکی تۆمارکرد، بەمەش لارۆخا لە نیوەی یەکەمدا بە سێ گۆڵی خاوێن باڵادەستیی خۆی بەسەر یاریگادا سەپاند. هەڵبژاردەی سعودیە هەوڵیدا بگەڕێتەوە نێو کەشوهەوای یارییەکە، بەڵام لە دروستکردنی هەر هێرشێک شکستی هێنا.
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، ئیسپانییەکان دەرفەتی هەناسەدانیان بە رکابەرەکەیان نەدا و گۆڵی چوارەمیان تۆمارکرد؛ کاتێک مارک کۆکۆرێیا
لێدانێکی ئاڕاستەی گۆڵ کرد و محەمەد عوێس گەڕاندیەوە، بەڵام تۆپەکە بەر جەستەی حەسان تمبەکتی کەوت و چووە نێو گۆڵەوە.
یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی هات و یاریزانانی ئیسپانیا چەندین دەرفەتی دیکەیان بۆ زیادکردنی ژمارەی گۆڵەکان لەدەستدا، لە بەرامبەر بەرگرییەکی شپرزەی سعودیەدا.
بەم سەرکەوتنە، ئیسپانیا کۆی خاڵەکانی گەیاندە 4 خاڵ و بە شێوەیەکی کاتی پێشەنگیی کۆمەڵەی هەشتەمی گرت، لە چاوەڕوانی ئەنجامی یارییەکەی دیکەی نێوان ئۆرۆگوای و کابۆ ڤێردی کە بڕیارە دواتر ئەنجام بدرێت.


.jpg&w=3840&q=75)

