رووداو - دیجیتاڵ
چیتر سەیرکردنی یارییەکانی تۆپی پێ تەنیا بۆ پیاوان نییە، ئێستا خانمان بەشێکی سەرەکیی فان زۆنەکان و شوێنە گشتییەکانن بۆ هاندانی تیمەکان. لە یاریی مێژوویی نێوان عێراق و فەرەنساشدا، ئامادەیی خانمان بەرچاو بوو، هەرچەندە یارییەکە بە شکست بۆ عێراق کۆتاییهات، بەڵام هاندەران بە ئومێدەوە سەیری ئاستی یاریزانەکانیان دەکرد.
پێشتر وا باوبوو کە خانمان حەزیان بە بینینی یاریی تۆپی پێ نەبوو، تەنانەت بێزار دەبوون کاتێک پیاوان کاتێکی زۆریان بەدیار شاشەکانەوە بەسەر دەبرد، بەڵام ئێستا سەردەم گۆڕاوە. لە یاریی عێراق و فەرەنسادا، رەنگاوڕەنگیی هاندەرانی خانم لە فان زۆنەکاندا گۆڕانکارییەکی گەورەی پیشان دەدا.
پێشبینییە جیاوازەکان پێش یارییەکە
پێل بەرواری، کە هاندەرێکی هەڵبژاردەی فەرەنسا بوو، لەکاتی یارییەکەدا هەستێکی تێکەڵاوی هەبوو و گوتی: "کە دەبینم یاریزانە کوردەکان نزیکن لە گۆڵکردن زۆر دڵخۆش دەبم، بەڵام وەکو هاندەرێکی فەرەنسا، کاتێک ئەوان گۆڵ دەکەن دڵخۆشیم زیاتر دەبێت."
لە بەرامبەردا، میلۆدیا غانم بەوپەڕی گەشبینییەوە پێشبینی بردنەوەی بۆ عێراق دەکرد و گوتی: "دڵنیام سەدا سەد عێراق 6 بە سفر لە فەرەنسا دەباتەوە." هەرچی هاوناز ئەنوەر بوو، کە لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی هاتبوو، پێشبینی ئەنجامی 2-1ی بۆ عێراق دەکرد.
بەڵام غەزال فادی، روانینێکی واقیعیانە دیکەی هەبوو و پێش دەستپێکردنی یارییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە فەرەنسا زۆر بەهێزترە و پێشبینی دەکرد فەرەنسا 4 یان 5 گۆڵ تۆمار بکات.
رووداوێکی دەگمەن لە مێژووی مۆندیالدا
یارییەکە تەنیا ململانێی ناو یاریگا نەبوو، بەڵکو سروشتیش بووە بەشێک لە یارییەکە. بۆ یەکەمجار لە مێژووی 96 ساڵەی مۆندیالدا، هەورە بروسکە بووە هۆی راگرتنی یارییەکە. یارییەکە بۆ ماوەی نزیکەی کاژێرێک وەستا و دواجار لە کاژێر 2:50ی بەیانی دەستیپێکردەوە.
ئەنجامی یارییەکە و کاردانەوەی هاندەران
سەرەڕای چاوەڕوانیی هاندەران، یارییەکە بە ئەنجامی 3-0 بە سوودی فەرەنسا کۆتاییهات. دوای یارییەکە، هاندەران بە دڵتەنگییەوە هۆڵەکانیان جێهێشت، بەڵام زۆربەیان لە ئاستی یارییەکە رازی بوون.
غەزال فادی دوای یارییەکە وتی: "زۆر حەزم دەکرد بیبەنەوە، خۆزگە لانیکەم یەک گۆڵیان بکردایە، بەڵام بەڕاستی جوان یارییان کرد."
نازدار ئەحمەد، یەکێکی دیکە لە هاندەرە خانمان، دەستخۆشی لە یاریزانانی عێراق کرد و گوتی: "یارییەکە زۆر خۆشبوو، عێراق بەهێزەوە دەرکەوت و ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کرد."
ئەم ئامادەییە فراوانەی خانمان لە وەرزشدا، ئاماژەیەکی روونە بۆ گۆڕانی کولتووری وەرزشی لە کۆمەڵگەدا، کە تێیدا ژن و پیاو پێکەوە بە جۆش و خرۆشەوە بینەری رووداوە گەورە جیهانییەکانن.




