رووداو دیجیتاڵ
هەردوو هەڵبژاردەی کەنەدا و سویسرا رکابەری لەسەر پێشەنگی کۆمەڵەی دووەم دەکەن و دەیانەوێت بگەنە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
کەنەدای میوانداری مۆندیال، بەبردنەوەیەک و یەکسانبوونێک لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە و خاوەنی چوار خاڵە، بەڵام بە جیاوازیین گۆڵ لەگەڵ سویسرا و هەردوو تیپ رکابەری لەسەر پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە دەکەن.
کەنەدا لە ڤانکۆڤەر دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا، ئەگەر لە یارییەکەدا بردنەوە تۆماربکەن یان یەکسانبن، راستەوخۆ تیپەکەی جێسی مارش دەگاتە قۆناخی داهاتوو و بە پلەی یەکەم سەردەکەوێت.
هەرچی هەڵبژاردەی سویسرایە، بە یەکسانبوون بەرامبەر قەتەر و بردنەوە لە بۆسنە پلەی دووەمی گرتووە و ئەوانیش خاوەنی چوار خاڵن، دەیانەوێت یارییەکەی ئەمڕۆیان ببەنەوە بۆ ئەوەی پلەی یەکەم لە کەنەدا وەربگرن و بگەنە قۆناخی داهاتوو.
تیپەکەی مورات یاکن، ئەگەر لە یارییەکەدا بشدۆڕێت ئەگەری سەرکەوتنی هەیە، بەتایبەت ئەگەر قەتەر بە ئەنجامێکی گەورە لە بۆسنە نەباتەوە، کە ئەوە چاوەڕوانکراو نییە رووبدات.
هەردوو هەڵبژاردەی قەتەر و بۆسنە لەبەردەم هەنگاوێکی گەورە و مێژووییدان بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی دووەمی مۆندیال بکەن.
لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکان و لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا، هەردوو هەڵبژاردە لە سیاتڵ رووبەڕووی یەکدەبنەوە و دەیانەوێت بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا بگەنە قۆناخی دووەمی مۆندیال.
قەتەر بەرامبەر سویسرا یەکسانبووە و بەرامبەر کەنەدا 6 گۆڵی لێکرا، هەڵبژاردەکە لە پلەی کۆتایی کۆمەڵەکەیە و یەک خاڵی هەیە، بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەویان دەبێتە یەکەم بردنەوەیان لە مێژووی مۆندیالدا و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا هەلی ئەوەی دەبێت بگاتە قۆناخی دووەمی پاڵەوانێتییەکە.
هەڵبژاردەی بۆسنە، لە یاریی یەکەمیدا بەرامبەر کەنەدا یەکسانبوو و دوای ئەوە لەلایەن سویسراوە 4 گۆڵی لێکرا، تیپەکە خاوەنی خاڵێکە، جاری دووەمە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات و بەبردنەوەی ئەم یارییە چیرۆکێکی نوێ بۆ تۆپی پێی وڵاتەکەیان دەنووسنەوە و ئەگەری سەرکەوتنیان بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو زۆر بەهێز دەبێت.
هەردوو یاریی کۆمەڵەی دووەمی مۆندیال، ئەمشەو کاژێر 22:00 بەڕێوەدەچن، ئەو دوو تیپەی دەگەنە قۆناخی دووەم و ئەوانەی ماڵئاوایی دەکەن یەکلادەبنەوە.




