رووداو دیجیتاڵ
نەیمار داسیلڤا، دوای گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگاکان و ئەنجامدانی یەکەم یاریی لە مۆندیالی 2026 دەڵێت "زۆر دڵخۆشم و لێرەم بۆ ئەوەی هاوکاریی تیپەکەم بکەم".
نەیمار لە یاریی بەرامبەر سکۆتلاند دوای دوورکەوتنێکی درێژ گەڕایەوە نێو یاریگاکان و لە دوای 17-10-2023ـەوە بۆ یەکەمجار یارییکرد و دوای ئەوەش دڵخۆشیی خۆی بە گەڕانەوە بۆ نێو یاریگاکان پێشاندا و گوتی "هەستێکی زۆر ناوازەیە کە گەڕاومەتەوە. من زۆر دڵخۆشم، زۆر رازیم، لە راستیدا زۆر کاریگەر بووم. کاتێک فیکەی کۆتایی لێدرا، خۆم بینییەوە کە سەیری خێزانەکەم دەکەم. هەمووان دەزانن کە ئەمە ململانێ و نارەحەتییەک بوو؛ ئەوان لە نزیکەوە ئاگاداری بوون. ئامانجمان ئەوە بوو لێرە بین لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی. ئامانجمان ئەوە بوو لە مۆندیالێکی دیکەشدا یاری بکەین، توانیم ئەوە بەدەستبهێنم. من زۆر رازیم و زۆر دڵخۆشم. دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە پشتگیرییان کردین. دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە لە یاریگاکەدا بوون و ناوی منیان دەگوتەوە. ئەمە هەستێکی تەواو جیاوازە، بەڵام ئەزموونکردنی زۆر جوانە."
نەیمار زیاتر قسەیکرد و بە رۆژنامەڤانانی گوت "کۆمەڵێک یادەوەریی زۆر بە بەرچاومدا هاتن. بەڵام من تەنیا سوپاسی خودام دەکرد بۆ ئەم ساتە؛ بۆ ئەوەی کە توانیم جارێکی دیکە هەموو ئەمانە ئەزموون بکەمەوە. بۆ ئەوەی هەلی ئەوەم بۆ رەخسا لە مۆندیالێکی دیکەشدا یاری بکەم. ئیدی ئەوەیە؛ ئێستا بابەتەکە باشتربوونە، بابەتەکە بەرەوپێشچوونە، بۆ ئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان یارمەتی هاوڕێکانم و هەڵبژاردەی نیشتمانی بدەم."
لەبارەی ئامادەییەوە بۆ یارییکردنی زیاتر نەی دەڵێت "لە رووی جەستەییەوە باشم. لەم چەند رۆژەی دواییدا زۆر بە توندی کارم کردووە، هەرچەندە یاریم نەدەکرد. ئەگەر هەڵە نەبم بۆ ماوەی 30 رۆژ لە یاریگاکان دابڕام، بەڵام لەو 30 رۆژە، 25 رۆژیان خەریکی کارکردن بووم لەسەر ئامادەیی جەستەییم."
نەیمار دووپاتیدەکاتەوە "من باشم و لە دۆخێکی باشدام. بێگومان، دەمەوێت خولەکی زیاتر یاری بکەم، بەڵام بڕیاردان لەسەر ئەوە لای راهێنەرەکەمانە. من لێرەم تاوەکو بەشێک بم لە پێکهاتەکە؛ بێ گوێدانە ئەوەی چەند خولەکم پێ دەدرێت، هەموو توانایەکی خۆم بەکاردەهێنم بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بم."




