رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینۆ، راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید، بڕیاری داوە دوو یاریزانی تیپەکە بخاتە ژێر هەڵسەنگاندن لە قۆناخی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ، تاوەکو چارەنووسیان دیاری بکات، کە ئایا لە یانەکە دەمێننەوە یان بەخواستن دەدرێنە یانەیەکی دیکە.
بڕیارە لە 13ـی تەممووزی داهاتوو تیپەکە پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدات و دوای ئەوە ئامادەکارییەکان دەستپێدەکەن. ئەو یاریزانانەی لە مۆندیال بەشدارن، وردە وردە و بەپێی کاتی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیان لە پاڵەوانێتییەکەدا، پەیوەندی بە تیپەکەوە دەکەنەوە. هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە کە ئایا کەمپێکی مەشقی لە دەرەوەی مەدرید ئەنجام دەدرێت یان نا.
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی بڵاویکردەوە کە مۆرینیۆ چەندین بیرۆکەی بۆ پلانی تیپەکە هەیە، یەکێکیان پەیوەندی راستەوخۆی بە دوو یاریزانی لاوەوە هەیە؛ تیاگۆ پیتارچی تەمەن 18 ساڵ و فرانکۆ ماستانتونۆی تەمەن ١٨ ساڵ.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، راهێنەر دەیەوێت پێش بڕیاردان لەسەر مانەوە یان بەخواستن دانیان، بیانیبینێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات، بۆیە هەردووکیان دەرفەتیان پێ دەدرێت.
مۆرینیۆ پێیوایە باشترە چارەسەرێک بۆ ئەو یاریزانە لاوانە بدۆزرێتەوە کە هەلی زۆری یاری کردنیان لە تیپی یەکەمدا بۆ ناڕەخسێت. بەبڕوای ئەو، تەنیا مانەوەیان لە لیستەکەدا گەشەکردنیان پەک دەخات، ئەو پێیوایە ئەوان پێویستیان بە کاتی یاریکردنی پێویست هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە گەشەکردن.
مۆرینیۆ سەرسامە بە پیتارچ
ماستانتونۆ و پیتارچ دوو حاڵەتی ناوازەن. راهێنەر لە کۆتایی وەرزی رابردوودا سەرسامییەکی زۆری بۆ پیتارچ دەربڕی. سەبارەت بە ماستانتونۆش، ئەو یەکێک بوو لەو یاریزانانەی مۆرینیۆ چاودێری دەکردن کاتێک لە ریڤەرپلەیت دەدرەوشایەوە، بێ گوێدانە ئاستی لە یەکەم ساڵیدا لە ئەورووپا.
ئەربێلوا بوو کە دەرفەتی یەکەم دەرکەوتنی بە تیاگۆ پیتارچ دا لەگەڵ تیپی یەکەم. تەنیا یەک خولەک لە یاریی چوون لە قۆناخی 32ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا یاری کرد، کە تێیدا ریال مەدرید بەئەنجامی 1-0 لە یانەی بێنفیکای بردەوە (کە ئەوکات مۆرینیۆ راهێنەری بێنفیکا بوو). لەو کاتەوە تاوەکو کۆتایی وەرز، پیتارچ لە 11 یاریدا بەسەرەکی بەشدار بووە، لە 10 یارییاندا 90 خولەکی تەواو یاری کردووە، هەروەها وەک یاریزانی یەدەگ لە 5 یاری دیکەشدا بەشدار بووە.
ئەم دەرچووەی ئەکادیمیای یانەکە، لە چەند رۆژی داهاتوودا لە پاڵەوانێتی ئەورووپا بۆ خوار تەمەن 19 ساڵان لە وێڵز یاری دەکات. هەرچەندە هیچ راپۆرتێک نییە کە پێشنیازی رۆیشتنی بۆ هاتبێت، بەڵام ئەو بەنیازە هەموو هەوڵێکی خۆی بدات بۆ ئەوەی مۆرینیۆ قایڵ بکات لە یانەکە بیهێڵێتەوە.
دۆخێکی جیاواز بۆ ماستانتونۆ
دۆخی ماستانتونۆ جیاوازە، چونکە ریال مەدرید پابەندە بە پاراستنی ئەو وەبەرهێنانە گەورەیەی کە بۆ کڕینی ئەنجامی داوە، کاتێک 63.2 ملیۆن یۆرۆی بە یانەی ریڤەرپلەیت دا لە بەرامبەر مافەکانی ئەم یاریزانە.
یانەی پاریس سانجێرمانیش گرنگی بەو یاریزانە دەدا، بەڵام وەرزی ئەم ئەرجەنتینییە لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوو. ئەو باڵە لێهاتووەی کە لە خولی ئەرجەنتینیدا هەمووانی سەرسام کردبوو، لەبەر چاوان ون بوو، هەروەک چاوەڕوان دەکرا لە لیستی مۆندیالیش دوورخرایەوە دوای ئەوەی زۆر نزیک بوو لە پەیوەندیکردن بە تیپەکەی سكالۆنی.
ماستانتونۆ ناتوانێت گڵەیی لە کەمیی دەرفەت بکات. چاڤی ئەلۆنسۆ لە سەرەتای پڕۆژەکەیدا گرەوی لەسەر کردبوو؛ لە 9 یاری لەکۆی 11 یاری یەکەمی وەرزدا بەسەرەکی یاری پێکرد، و یاریزانانی وەک رۆدریگۆ و ئیبراهیم دیازی خستە سەر کورسیی یەدەگ. تەنانەت لەو کاتەدا لە ڤینیسیۆس زیاتر یاری کرد، بەڵام زوو ئەو جۆش و خرۆشەی سەرەتای کزبوو.
وەرزی رابردوو ماستانتونۆ لە تیپی کاستیا ناوی تۆمارکرا بۆ ئەوەی شوێن لە تیپی یەکەمدا بکرێتەوە، ئەم ئەگەرە بۆ ئەم وەرزیەش بەردەوامە، بەڵام ئێستا بڕیارەکە لای مۆرینیۆیە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆرۆڵی ئەو و رۆڵی تیاگۆ پیتارچ بکات.




